پێشه‌وا هه‌ورامانی: تەنیا لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە به‌غدا مووچەی فەرمانبەران ده‌نێرێت

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە،  تەنیا لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە مووچەی فەرمانبەران دەنێرن.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی دڵنیایی داوەتە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، چونکە نادەستوورییە، بەڵکو لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، واژوو بۆ رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغد کۆکرایەوە.

رۆژی (11ـی تشرینى یه‌كه‌مى 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ـی ئه‌مساڵ رایگه‌یاندبوو، بڕی ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مانگانه‌ی پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌، واته‌ مانگه‌كانی 7، 8 و 9ـی ئه‌مساڵ.