وهزیری دهرهوهی ئێران: نامانهوێت شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس فراوان بێت
K24 - هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران نایەوێت شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس فراوان بێت.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامهی فاینانشاڵ تایمزی بهریتانی راگەیاند، بە ئەمهریکایان گوتووە، ئێران نایەوێت شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس فراوانبێت، بەڵام ئەگەر هێرشەکان و تاوانەکانی دژ بە خەڵکی غەززە و کەرتی رۆژئاوا بەردەوام بن، ئەگەرهكان بۆ فراوانبوونی شەڕ کراوە دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ئێران و ئەمهریکا لەڕێگەی باڵیۆزی سویسرا لە تاران پەیامیان ئاڵوگۆڕکردووە و دەکرێت واشنتن و تارانیش راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فهڵهستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له ههزار برینداریشی لێ كهوتهوه، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دهستبهسهر كراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.