لەسەر رووداوی کەوتنە خوارەوەی ئافرەتێک لە شوقەکانی ئیسکانی هەولێر دوو کەس دەستگیرکران

لۆگۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئافرەتێک لە شوقەکانی ئیسکان کەوتووەتە خوارەوە و دوو کەسیان لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "رۆژی هەینی لە کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی لە شوقەکانی ئیسکانی شاری هەولێر (ئافرەتێک) لە شوقەکان کەوتووەتە خوارەوە باری تەندروستی ناجێگیرە، لەسەر ئەم رووداوە دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".

ئاسایشی هەولێر راشیگەیاند، زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو رووداوە بڵاو دەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر چەند کەناڵێکی راگەیاندن و پەیجەکانی سۆشیال میدیا، بێ پشتبەستن بە لێدوانی و زانیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، زانیاری جۆراوجۆریان لەبارەی ئەو رووداوە بڵاو کردووەتەوە، لە هەندێک ماڵپەڕ و پەیج نووسراوە کە ئەو ئافرەتە گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بریندارە و باری تەندروستی ناجێگیرە.