کوردستان24 رووماڵی کارەکانی کۆڕبەندی مێپس 2023 دەکات

مێپس 2023
مێپس 2023

K24 – هەولێر:

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەی سێ رۆژ لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و دامەزراوەی کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە، لەماوەی هەر سێ رۆژەکەدا، رووماڵی کارەکانی کۆڕبەندی مێپس 2023 دەکات.

بە بەشداری زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، ئەمنی و شارەی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بوارە جیاوازەکان لە 80 وڵاتەوە، سبەی یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) کارەکانی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات.

دامەزراوەی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی و ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات و زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە و لە هەڵوێست و ئاڵوگۆڕی زانیاری کەسایەتییە بەشدارەکانی کۆڕبەندەکە ئاگاداریان دەکاتەوە.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێل بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.