دلێر عەبدولخالق: زۆر گرنگە کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان دروستبکەین

دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دەبێت پرسەکانی تایبەت بە خاک، ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق رێککەوتنیان لەسەر بکرێت، هەروەها بە وەرەقەیەکی کوردستانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە سیاسەت بکەین.

دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی لەلای ئێمە گرنگە پرسێکە کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەویش پرسی رێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی بودجە. هەروەها کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێدراو لە 2003ـەوە لەنێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵی ماوە، ئەویش پرسی خاکە، کە خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەبینێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆمەڵێک پرسی دیکە هەن، کە مافی هەرێمی کوردستانە لەوانە، پرسی ووزە، پرسی سیستەمی بەرگری و پێشمەرگە، ئەم پرسانە پرسی گرنگرن کە پێویستە لەم کاتەیە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەیەن بە رێککەوتن و چارەسەری کێشەکانی نێوانمان بکەین.

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: زۆر گرنگە کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان دروست بکەین و، هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوانەی لە حکومەتن و ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆنیشن ئەو کێشانەی کە رووبەڕوومان دەبنەوە، پێویستە بە وەرەقەیەکی نیشتمانی و کوردستانی لە بەغدا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەکە سیاسەت بکەین.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دلێر عەبدولخالق، گوتی: بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، بۆ ئەوەی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە وەڵامی ئەو عەقڵییەتەی بەغدا بدرێتەوە، کە کار بۆ بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکات.