ترەمپ بۆ نیشاندانی هەڵوێستەکانی دژی کۆچبەران سەردانی سنووری مەکسیک دەکات

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2024، دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرەو ویلایەتی تەکساسی سنووری مەکسیک بەڕێکەوت، لەوێ بەنیازە جەخت لەسەر هەڵوێستە توندەکانی دژی کۆچبەران بکاتەوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، وتارەکانی سەرۆکی پێشووی کۆمارییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆرشەڕانگێزی بووە، تا ئەو رادەیەی کۆچبەرانی نایاسایی بە "ژەهراویکردنی خوێنی وڵاتەکەمان" وەسفکردووە و نەیارانی سیاسیی خۆی بە "میش و مەگەز" دەچوێنێت.

بەپێی راپرسییەکان، سەرەڕای ئەو رێوشوێنە یاساییانەی کە لە دژی گیراوەتەبەر، ترەمپ هێشتا پیشەنگە لە کەمپینی کۆمارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

بەگوێرەی میدیاکان، لە میانی گەشتەکەیدا، ترەمپ بەنیازە خۆراک دابەش بکات، بەتایبەتی بەسەر ئەو هێزە ئەمنییانەی کە لە ویلایەتی تەکساس کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بکەن بۆ ئەودیوی سنوورەکان.

گرێگ ئابوت، حاکمی کۆمارییەکان یاوەری ترەمپ دەکات، هەروەها خۆی ئامادە دەکات بۆ واژۆکردنی رێکارەکان، کە لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی تەکساسەوە پەسەندکراوە، کە هاتنە ژوورەوەی کۆچبەران بەپێی یاسا ناوخۆییەکان دەکاتە تاوان. نووسراوەکە دەسەڵاتی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەیان بۆ مەکسیک دەداتە ویلایەتەکە.

ئابوت گوتیشی: "ئەمە ئامرازی نوێ بە ویلایەتی تەکساس دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەروازە سنوورییە نایاساییەکان، تەکساس بەردەوامە لە پاراستنی ئەو رێرەوە لەنێو ئەو قەیرانە سنوورییانەی کە جۆ بایدن رووبەڕووی دەبێتەوە".

ئابوت و ترەمپ سەرۆکی ئێستا تۆمەتبار دەکەن بەوەی چاوی بەرانبەر کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر سنووری باشوور کوێر کردووە.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بچنە ئەمەریکا لە ئیکوادۆر، کۆڵۆمبیا، هایتی، کوبا، ڤەنزوێلا، گواتیمالا و هندۆراسەوە هاتوون. بۆیە ئابوتیش هاوشێوەی ترەمپ پشتگیری لە دروستکردنی دیوارێک دەکات بەدرێژایی سنوور.

لەم دواییانەدا وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک، رێوشوێنەکانی تەکساسی دژی کۆچبەرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەم کارە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی خێزان و کۆنترۆڵکردنی رەگەزی".

بایدن، پێش کۆتایی هاتنی لوتکەی گەورەی ئابووری وڵاتانی هاوسنوور لەگەڵ زەریای هێمن لە سانفرانسیسکۆ، لەگەڵ هاوتا مەکسیکییەکەی ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر پرسی کۆچبەرانیان تاوتوێ کرد.

بایدن جەختی لەوە کردەوە کە ناتوانێت "هاوبەشێکی باشتر" لە مەکسیکی هەبێت لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بایدن و لۆپێز ئۆبرادۆر بڕیاریانداوە بەیەکەوە کاربکەن بۆ وەڵامدانەوەی نیکاراگوا و دامەزراوە تایبەتەکان، کە کۆچبەران هاندەدەن بۆ کۆچی نایاسایی تاوەکو قازانج بکەن".

سەرۆکی ئەمەریکا بە دوای سەرکەوتنی خولی دووەمدایە، بەڵام لە بابەتی سیاسەتی کۆچبەرییەکەیدا، رووبەڕووی هێرشی نەیارە سیاسییەکانی دەبێتەوە، هەروەها هەندێک لە بەرپرسانی دیموکراتەکانیش ناڕازین لەو کارە.