مەسرور بارزانی: جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا تێدەپەڕن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە کۆڕبەندی مێپس 2023 بیروبۆچوونەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن. دەشڵێت: "جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا تێدەپەڕن".

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، رایگەیاند: "ئەمە کۆڕبەندێکە بۆ ئاشتی و چارەسەریی کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "هەموومان دەزانین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی بە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا تێدەپەڕن. لێرە زۆر کەسایەتی ئەکادیمی، سیاسی، بڕیاردەر و سەرکردایەتیی حزبە سیاسییەکان لەناوەوە و دەرەوەی عێراقیش هاتوون بۆ ئەوەی بیروبۆچوونەکان ئاڵوگۆڕبکەن و باسی چارەسەرەکان بکەن".

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕێ دەکەین لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بەڵکوو پێشنیازی باش بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرین". 

 

 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.

لە سەرەتای کۆڕبەندەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، وتاری بەخێرهاتن پێشکەش دەکات.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا پێنج پانێل بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و توێژەر و ئەکادیمی بەڕێوەدەچن.

پانێلی یەکەم لەژێر ناونیشانی "چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە بەردەوامەکان" دەبێت و هەر یەک لە هوشیار زێباری، جۆن جێنکیس، د. کریستین، د. عەبدوڵڵا بەعبوود و د. بەدر سەیف وەک قسەکەر بەشداری دەکەن و پانێلەکە لەلایەن پیۆتر زالێڤسکی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بەڕێوەدەبرێت.

پانێلی دووەم لە ژێر ناونیشانی "دەستپێکێکی نوێ: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عێراق" دەبێت و لەلایەن پ. نرێند ئۆلیری بەڕێوەدەبرێت، قسەکەرەکانی پانێل بریتین لە قوباد تاڵەبانی، جینین هێنیس پلاسخارت، قاسم ئەعرەجی، کۆلۆنێل جوێل رایبورن و د. عادل باخەوان.

پانێلی سێیەم بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وەک قسەکەر بەشدار دەبێت و پانێلەکە لەلایەن د. رەنج عەلائەدین بەڕێوەدەبرێت.

لە پانێلی چوارەم، کە لەلایەن د. جێمی ئینگرام بەڕێوەدەبرێت، هەر یەک لە لۆرد فرانسیس مۆد، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، عەندنان موفتی، د. عەلی عەسیری، د. ئاکیتۆ یۆشیۆکا وەک قسەکە بەشدار دەبن.

لە پانێلی پێنجەمی یەکەم رۆژی دیداری مێپس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میوان دەبێت و باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات.