ئامینە زکری: بەرپرسیارێتیی پاراستنی کوردستان زیاتر دەکەوێتە سەر شانی پارتی

ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، "بەرپرسیارێتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەوێتە سەر شانی پارتی، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەین".  

ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە کۆڕبەندی مێپسی ئەمساڵ زیاتر کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ شەڕی ئێستای غەززە دەکرێت، کە کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان هەبووە".

بە گوتەی ئامینە زکری، "بەرپرسیارێتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەوێتە سەر شانی پارتی، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەین. لەگەڵ هاوبەشانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت یەكێتی بەردەوام کار لەسەر ئەم ئامانجە دەکەین".

ئاماژەی بەوەش کرد، "شەڕی حەماس و ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق و نەلێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان زیاتر کردووە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: "کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوامییان دەبێت. هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، دەتوانین بەیەکەوە گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی بپارێزین".

 

 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.