کۆڕبەندی مێپس بەردەوامە و دوو پانێلی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوو

مێپس 2023
مێپس 2023

K24 – هەولێر:

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد و لە یەکەم رۆژدا، دوای بەڕێوەچوونی رێورەسمەکی دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە، دوو پانێلی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئاییندەی عێراق.

پانێلی یەکەم لەژێر ناونیشانی "چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە بەردەوامەکان" کە لەلایەن پیتۆر زالێڤسکی، رۆژنامەنووس لە ئیکۆنۆمیست بەڕێوەبرا بە بەشداری هەر یەکە لە هشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جۆن جێنکیس لە پۆلیسە ئێکسچێنیج، کریستین چینگ لە زانکۆی کۆلیژی کینگ لە لەندەن، عەبدوڵڵا بەعبوود لە زانکۆی وەسیدەی عومانی و بەدر سەید لە زانکۆی کوێتی.

لە سەرەتای پانێلەکەشدا، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە هەڵوێست و سیاسەتی عێراق کرد لە کیشە هەنوکەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پانێلی دووەم لەژێر ناونیشانی "دەستپێکێکی نوێ، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئاییندەی عێراق" کە لەلایەن پرۆفیسۆر نرێندن ئۆلیری لە زانکۆی پێنسلڤانیا بەڕێوەبرا، بە بەشداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆلۆنێڵ جه‌وڵ ره‌یبێرن نێرده‌ی تایبه‌تی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و عادل باخەوان لە ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپیپێکرد.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بوارەکانی ئابووری، ئاسایش و تەکنەلۆژیا لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.