محەممەد حاجی مەحموود لەبارەی کۆڕبەندی مێپس: بەدڵنیاییەوە بێ ئەنجام نابێت

K24 - هەولێر
محەممەد حاجی مەحموود رایدەگەیەنێت، کۆڕبەندی مێپس بێ ئەنجام نابێت و، "لایەنە کوردستانییەکانیش چەند لە یەکدی نزیک بن، هێندە بۆ کورد و بۆ خۆشیان باشە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم کۆڕبەندە و هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، گرنگن و بە دڵنیاییەوە بێ سوود نابن".
لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتی، یەكێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود ئەوەی خستەڕوو: "لایەنە کوردستانییەکان چەند لە یەکدی نزیک بن، هێندە بۆ کورد و بۆ خۆشیان باشە".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.
کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.