ئاکیتۆ یۆشیۆکا: ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە

ئاکیتۆ یۆشیۆکا، شارەزا لە پەیمانگەی ژاپۆنی بۆ ئابووری
ئاکیتۆ یۆشیۆکا، شارەزا لە پەیمانگەی ژاپۆنی بۆ ئابووری

K24 – هەولێر:

شارەزا لە پەیمانگەی ژاپۆنی بۆ ئابووری، رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە بواری ئابووری بەرەوپێشچوونیکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە. ناوبراو گوتیشی لەپێناو سەقامگیری زیاتر زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجامدرێت.

ئاکیتۆ یۆشیۆکا، شارەزا لە پەیمانگەی ژاپۆنی بۆ ئابووری لەمیانەی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، سەبارەت بە ئابووری کوردستان دوای 2003 ـەوە کوردستان بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیەوە، ئەمەش زۆر سەرنجراکێشە کە زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئابووریدا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینییوە، نزیکەی 23% ئابووری هەرێمی کوردستان  بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینییوە.

راشیگەیاند، ئەم بەرەوپێشچوونە دەگەڕێتەوە بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان هەروەها سەرکردایەتییەکی باش هەیە لە هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی پێکەوە کاریان کردووە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش پەیوەندییەکانیان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەو شارەزایە ئابوورییە ئاماژەی بەوەدا، سەربەخۆیی نەوت زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، کوردستان وەبەرهێنەرێکی زۆر گرنگی نەوتە، هەروەها پێویستە ژمارەی هەلی کار زیاتر بکرێت و پێویستە خەڵک زیاتر دابمەزێندرێن لە هەرێم و لەو بوارەش بەرەوپێشچوونی باش هەبووە.

ئاکیتۆ یۆشیۆکا دەڵێت: کارێکی باشە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکان بکات، بێگومان ئەوەش بەس نییە و پێویستی بە کاری زیاترە لەپێناو بەرەوپێشچوونی زیاتر.

گوتیشی: ئەوەمان لەبیرنەچێت ئێمە لە ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە، دوای ئەوەی گفتوگۆ دەکرێت بۆ کابینەی نوێ، ئەم گفتوگۆیانەش پێویستە بە شێوەیەکی ئاشیتیانە ئەنجامبدرێت، چونکە لایەنەکان سەیری ئەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان کە چەند سەقامگیر دەبێت لە داهاتوو.

ناوبراو جەختیشی لە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە.

ئەو شارەزایە ئابوورییە، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، گرنگە ئابووری هەمەچەشن بکەین، هەروەها گرنگە یاسای نەوت و گاز جێبەجێبکرێت، دەبێت ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت.

ئاکیتۆ یۆشیۆکا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ئێمە دەبێت پەلە بکەین چونکە نەوت وردە وردە هەم کەمدەبێتەوە هەم خواستیش لەسەری کەمدەبێتەوە هەروەها سەرچاوە سروشتییەکانیش کەمدەبنەوە، غاز لەوانیە زیاتر لە نەوت بمێنێتەوە، بەڵام ئەویش بە هەمان شێوە بەردەوام نییە، روونە ئەمەش کێشەی هەموو جیهانە، لەداهاتوودا داواکاری لەسەر نەوت و ووزە کەم دەبێتەوە، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان هەنگاوی خێرا بهاوێژێت و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.

دەشڵێت: ئەگەر هەماهەنگی هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکرێت غازی هەرێمی کوردستان سوودی لێببیندریت، دەکرێت هەناردە بکرێت بۆ هەموو جیهان.