عادل باخەوان: کورد کارتی زۆر بەهێزی بەرامبەر بەغدا بەدەستەوەیە

عادل باخه‌وان
عادل باخه‌وان

K24 - هەولێر:

دكتۆر عادل باخەوان بەڕێوەبەری  ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە بارەی عێراق، لە میانه‌ی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوە کرد، کورد کارتێکی بەهێزی بەرامبەر بەغدا به‌ دەستە و پێویستە هۆشیارانە ئەو کارتە بەکار بهێنێت.

باخەوان لەبارەی کۆڕبەندی مێپس گوتی: لە چرکە ساتێكی هه‌ستیار ئەو کۆنفرانسە به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی: " قۆناغی به‌ر له‌ حەوتی ئۆکتۆبەر وەک دوای ئه‌و به‌رواره‌ نییە، پێشبینیمان بۆ گۆڕانکارییه‌كان کردبوو، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا نا، کە بە رادیکاڵی گۆڕاون، پرسەکانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری و پرسی دروستکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئەو پرسە ستراتیژیانەن کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان  باسدەکرێن، بۆیە ئەو کۆنفرانسە لە کاتێکی زۆر گونجاودا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لەبارەی بوونی دیبلۆماتکاران و تویژەران و کەسایەتییە جیا جیاکانی جیهانی لە کۆڕبەندی مێپس، دكتۆرعادل باخەوان پێی وابوو، یەکێك لە دەوڵەمه‌ندییەکانی ئەو کۆنفرانسە ئەوەیە دیبلۆماتکار، توێژەر، ئەکادیمی، پیاوی دەوڵەت  و خەڵکی دیکەشی تێدایە، گوتی: بوونی ئەو فرەییە دەوڵەمەندییە بۆ کۆنفرانسەکە، هێنانی ئەو هەموو توانایە لە ئەمه‌ریکا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی زۆر باشە.

لەسەر کاریگەرییەکانی کۆنفرانسەکە لەسەر ئارامی و ئاسایشی کوردستان، دكتۆر عادل باخەوان رای وابوو، رێکخستنی ئەو کۆنفرانسە لەو کاتەدا لە رووی ئاسایش و دیبلۆماسی و میدیایی بۆ هەرێمی کوردستان باشە، به‌تایبەت لە دۆخی ئێستای عێراق دوای دەرکردنی حەلبووسی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەو گوتی:  ئێستا ئەگەر کورد وشیار بێت، دەرفەتێکی زۆر باشی بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی ئەجێندای خۆی بەسەر عێراقدا فەرز بکات لە پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە تا دەگاتە بابەتە گرنگەکانی دیکە، كورد دەتوانێت جارێکی دیکە عێراق بهێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، گوتیشی: ئەو کارتەی ئێستا لەدەست کوردە، بەر لە حەوتی ئۆکتۆبەر بەرامبەر بە عێراق بەدەستیەوە نەبوو.

لەبارەی ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە عێراق، باخەوان پێی وابوو، ئەگەر موعجیزەیەک رووبدا ، ئەگینا عێراق بەرەو فەوزایەکی زۆر فراوان و گەورەدا دەڕوات و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نابێت، پێشی وابوو ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێ ماڵی خۆی رێکبخات  و لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنێ بۆ ئیدارەکردنی ئەو فەوزایەی لە عێراق دێتە پێشەوە، بێگومان هەرێمی کوردستان لێی سوود مەند دەبێت، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوە بکات فەوزایەکە رووبدات و  بیر بکاتەوە لەوەی کە زیانی بۆ ئەو دەبێت یاخود نا. ئەوە بە دڵنیایی لێی زەرەرمەند دەبێت.

دكتۆر عادل باخه‌وان خوێندنەوەکانی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان وابوو کە، لە گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیار بوو گەشبینییەک لە کۆبوونەوەکانی نێوان و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدی کراوە، پێی وابوو  ئەو دوو هێزە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان کە ناکۆک دەبن، کاریگەری دەکاتە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری و ئابووری هەرێمی کوردستان و دۆخەکە  تێکدەچێت، بەڵام ئەگەر ئەو دوو هێزە لە یەکەوە نزیک بن، بۆ ئاسایش و گەشەی ئابووری باشە، بە پێی ئەو ئاماژانەی کە ئێستا هەن، دۆخەکە بەرەو باشتەر دەروات نەوەک خراپتر.

ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپیپێکرد و سبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

 کارزان حەیدەر