حەمیدرەزا عەزیز: جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە پرسێکی جددی

حەمیدرزا عەزیز، شارەزا لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی
حەمیدرزا عەزیز، شارەزا لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی

K24 -هەولێر:

شارەزایەک لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نیودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا، کاتێک ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو هەوڵیدابوو ئێران لە سەرجەم پرسەکان وەلاوەبنێت، لە بەرامبەردا ئێران کاردانەوەی هەبوو بۆ ئەو کارەی ئەمەریکا لە ناوچەکە. گوتیشی: جەنگی ئیسرائیل و حەماس کاریگەری جددی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە.

حەمیدرەزا عەزیز، شارەزا لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بووەتە پرسێکی جددی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیشە و کاریگەری جددیشی هەیە، پێش 7ـی ئۆکتبەر ئەو گۆڕانکارییانە دیپلۆماتیانەی کە لە ناوچەکە روویدابوو، بریتییبوون لە؛ رێککەوتنی ئیبراهیمی و پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل لە نێویشیان لەگەڵ سعوودییە. ئەوەی دواتریش کە روویداوە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودییە. سێیەشمیان ئاساییکردنەوە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و گەڕانەوەی سووریا بوو بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

هاوکات راشیگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی سووریا، ئیسرائیل و ئێران ماوەیەکی زۆر بوو لە پرسە سەرەکییەکان وەلانرابوون لە ناوچەکە، بۆیە ویستیان دانیان پێدابنرێت وەک وڵاتێکی خاوەنی حەق هەروەها کاریگەری و رۆڵیان هەبێت لەسەر پرسەکانی ناوچەکە.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا لە کاتی ئەوەی ترەمپ سەرۆکی بوو هەوڵیدابوو، ئێران لە پرسەکان وەلاوەبنێت، لەبەرامبەردا ئێران وەڵامدانەوەی هەبوو بەشێوەیەک لە شێوەکان هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا باشتر بکات، هەروەها ئێران هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی داوە.

حەمیدرەزا عەزیز، دەشڵێت: ئەوەی کە ئیسرائیل کردوویەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوسەنگی هەبووە لە ناوچەکەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی.

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023)

رۆژی یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک دەستیپێکرد و تا رۆژی 21ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

لە کۆڕبەندەکەی ئەمڕۆدا چەندین پانێلی بەڕێوەچوون کە تایبەت بوون ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی بوون لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.