کارەکانی رۆژی یەکەمی کۆڕبەندی مێپس 2023 بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس 2023
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس 2023

K24 - هەولێر:

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک دەستیپێکرد و لە رۆژی یەکەمدا، دوای بەڕێوەچوونی رێورەسمی دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە، پێنج پانێلی تایبەت بەڕێوەچوون.

بە بەشداری زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، ئەمنی و شارەی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بوارە جیاوازەکان لە 80 وڵاتەوە، رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) کارەکانی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد.

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمەریکا دەستیپێکرد.

دامەزراوەی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی و ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە و پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندەی کرد و زانیاری و گفتوگۆ و لێدوانی کەسایەتییە ئامادەبووەکانی، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی گواستەوە بۆ ئاگاداربوون لە هەڵوێست و ئاڵوگۆڕی زانیاری کەسایەتییە بەشدارەکانی کۆڕبەندەکە.

لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەم ساتەوەختە دا و گوتی، "ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەکان".

هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس 2023، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئەمساڵ کۆڕبەندەکە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکی مەترسیدار لە ناوچەکە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهانیش دەکات، ئەم دۆخە هەموو جیهانی خستووەتە ئاڵۆزییەوە، رووداوەکان لە هەرکوێ بن بە ئاستی خۆی کاریگەرییان هەیە وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگی ئیسرائیل و حەماس.

لەلایەن خۆیەوە، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، لەم کۆبوونەوە گرنگە سەبارەت بە ئاشتی و سەقامگیری، دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو گفتوگۆی چڕوپڕ، سەبارەت بەو ئالنگارییەی هەڕەشەن بۆسەر ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، ئومێدەوارین ببێتە جێگەی رەزامەندی و یەکتر قبوڵکردن.

هەروەها لە سەرەتای پانێلی یەکەمیشدا، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە هەڵوێست و سیاسەتی عێراق کرد لە کێشە هەنوکەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پانێلی یەکەم لەژێر ناونیشانی "چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە بەردەوامەکان" کە لەلایەن پیتۆر زالێڤسکی، رۆژنامەنووس لە ئیکۆنۆمیست بەڕێوەبرا بە بەشداری هەر یەکە لە هشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جۆن جێنکیس لە پۆلیسە ئێکسچێنیج، کریستین چینگ لە زانکۆی کۆلیژی کینگ لە لەندەن، عەبدوڵڵا بەعبوود لە زانکۆی وەسیدەی عومانی و بەدر سەید لە زانکۆی کوێتی.

پانێلی دووەم لەژێر ناونیشانی "دەستپێکێکی نوێ، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئاییندەی عێراق" کە لەلایەن پرۆفیسۆر نرێندن ئۆلیری لە زانکۆی پێنسلڤانیا بەڕێوەبرا، بە بەشداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆلۆنێڵ جه‌وڵ ره‌یبێرن نێرده‌ی تایبه‌تی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و عادل باخەوان لە ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر عێراق.

پانێلی سێیەم کە دیدارێکی تایبەتی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بوو لەلایەن رەنج عەلائەددینەوە پێشکەش کرا و باسی لە زۆر پرسی مێژوویی و هەنوکەیی ناوچەکە کرد و پشتیوانی بەریتانیاشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە پەراوێزی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش تەواوبوونی پانێلەکەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەنار و هەنگوینی کوردستانی پێشکەش کرد.

پانێلی چوارەم لەژێر ناونیشانی حوکمڕانی ئاییندە و بووژانەوەی ئابووری کوردستان کە لەلایەن جێیمی ئینگرامەوە بەڕێوەبرا بە بەشداری عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی لیژنەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەدنان موفتی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، و لۆرد فرانسیس مۆد، لە هاوبەندی فرانسیس مۆد و ئاکیتۆ یۆشیۆکا، شارەزا لە پەیمانگەی ژاپۆنی بۆ ئابووری.

پانێلی پێنجەم و کۆتایی رۆژی یەکەمی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێریک بڕاون بەڕێوەچوو بە بەشداری مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرینیا زڤیاگێلسكا، توێژه‌ر له‌ ئینستیتۆی ئابووری و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی رووسیا، حەمیدرەزا عەزیز، شارەزایەک لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نیودەوڵەتی و ئه‌حمه‌د ئه‌بودۆح، توێژه‌ر له‌ ناوه‌ندیی ئیماراتی بۆ سیاسه‌ت.

وابڕیارە سبەی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) بە بەڕێوەچوونی چەند پانێل و چالاکییەکی دیکە، کۆتایی بە کارەکانی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.