عەلی تەتەر: میوانەکانی مێپس بە پێشکەوتنەکانی دهۆک و هەرێمی کوردستان سەرسامن

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 – هەولێر:

پارێزگاری دهۆک، رایدەگەیەنێت، دهۆک جوانترین نموونەی پێکەوەژیانی پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانە. ئاماژەی بەوەدا، بەشداری کەسایەتییە گرنگەکان لە مێپس نیشانەی گرنگی کۆڕبەندەکەیە. ناوبراو لەبارەی عێراقەوەش گوتی: سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک هەمیشە بووەتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەی سیاسەتمەداران، کاربەدەستان، ئاکادیمسیتان و دیپلۆماتکارانی جیهان. کۆڕبەندی ئەم ساڵ جیا لە ساڵانی پێشوو دوو تایبەتمەندی هەبوو. یەکەمیان؛ کە ئەمە بۆ جاری یەکەمە لەو کۆڕبەندەدا میوانان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان هاتوون و تێیدا بەشدارن، تایبەتمەندی دووەمیان؛ بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕبەندە لە کاتێکی وا هەستیاردا زۆر گرنگە، بە تایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووەتەوە.

پارێزگاری دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە تەنیا کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە، پێشتر هەموو جیهان بە جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا سەرقاڵبوون، بەڵام لە ئێستادا چاوەکان لەسەر ئەو جەنگە نما هەموو چاوەکان لەسەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسن.

عەلی تەتەر، دەڵێت: ئەم کۆڕبەندە یەکەم کۆڕبەندی مەزنە کە باس لە ئاشتی و سەقامگیری لە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کەسانی کاریگەر لەسەر ئاستی عێراق و جیهان بەشداربوون لەم کۆڕبەندە و وتاری تایبەتی خۆیان پێشکەشکرد، ئەوانەی بەشداربوون کەسی زۆر بە ئەزموون بوون لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی.

پارێزگاری دهۆک، گوتیشی: دهۆک بووەتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەی هەموو کەسایەتییە جیهانییەکان، کە ئەمەش گرنگی پارێگای دهۆک نیشانی جیهان دەدات، زۆرینەی میوانەکان یەکەمجاریان بوون هاتنە پارێگای دهۆک و سەرسام بوون بەو پێشکەوتنانەی کە لە پارێزگای دهۆک هەن، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەم پێشکەوتنە، هەروەها پارێزگای دهۆک جوانترین نموونەی پێکەوەژیانە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

عەلی تەتەر، باسی لەوەکرد، ئەوەی لەو کۆڕبەندە باس دەکرێت و جەختی لەسەر دەکرێتەوە ئەوەیە کە چۆن بتوانین بەرەنگاری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببینەوە، بە تایبەتی وشکەسڵی.

پارێزگاری دهۆک، لەباری پڕۆژەکانی پارێزگاکە دەڵێت: "پڕۆژەکانی ساڵانی 2020 و 2021 لە %99 تەواوبووە، هەروەها کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی مۆڵەتیان وەرگرتووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندان". هەروەها عەلی تەتەر سوپاسی بەڵێندەرانی و سەرمایەدارانی پارێزگای دهۆک دەکات و گوتی: "سەرباری کەمی سیولە بەڵێندەرەکان ئەم پارێزگایە ئامادەن پڕۆژەکان تەواو بکەن، کە ئەمەش لە هیچ پارێزگایەکی دیکەی کوردستان بەڵێندەری لەو شێوەیە نییە".

لەبارەی فڕۆکەخانەی پارێزگای دهۆک، پارێزگاری دهۆک گوتی: فڕۆکەخانەکە لەماوەی رابردوودا بەهۆی هەندێک کیشە کارکردن تێیدا وەستابوو، لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنی فڕۆکەخانەکەمان کرد و پێداچوونێکمان بە دیزاینی هەموو کارەکان کرد و کە ئەو ئامادەکاریانە و پێداچوونەوانە تەواوبوو ئەوکات بڕیار دەدرێت کە کەی کارکردن تێیدا دەستپێبکاتەوە.

عەلی تەتەر، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمڕۆ لە دهۆک زۆرینەی لایەنە سیایەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربوون لە کۆڕبەندی مێپس، بە تایبەتی سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکانی دیکە، هەروەها هەموویان بە گرنگییەوە باسیان لەوە کرد کە دەبێت هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت، چونکە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

گوتیشی: ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان یەکگرتوو بن بە دڵنیاییەوە زۆرێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش چارەسەر دەبن.

پارێزگاری دهۆک، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هزر و تێڕوانینی سیاسییەکانی عێراق بەرامبەر بە کورد نەگۆڕاوە، عێراق دەستوورێکی باشی هەیە و کێشە لە دەستوورەکە نییە، بەڵکو کێشە لەو کەسانەیە کە تا ئێستا دەستووری عێراقیان وەک خۆێ جێبەجێ نەکردووە.

عەلی تەتەر، باسی لە ئاوارەکان کرد کە لە پارێزگای دهۆکن و گوتی: "ئاوارەکان خوشک و برای ئێمەن و لە هەر نەتەوەیەک و هەر ئایینێک بن، لەسەر رەزامەندی خۆیان هاتوونە بۆ پارێزگای دهۆک و ئازادن لەوەی بمێننەوە یان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئێمە پێمان خۆشە دۆخی شنگال سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی بتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەویش تەنیا لە رێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال دەبێت کە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە جێبەجێنەکردنی".

بە بەشداری زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، ئەمنی و شارەی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بوارە جیاوازەکان لە 80 وڵاتەوە، رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) کارەکانی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد.

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمەریکا دەستیپێکرد.

دامەزراوەی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی و ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە و پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندەی کرد و زانیاری و گفتوگۆ و لێدوانی کەسایەتییە ئامادەبووەکانی، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی گواستەوە بۆ ئاگاداربوون لە هەڵوێست و ئاڵوگۆڕی زانیاری کەسایەتییە بەشدارەکانی کۆڕبەندەکە.