مەهدی ئەکەر: پەکەکە بە زۆرەملێ و خۆسەپاندن خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە

مەهدی ئەکەر، وەزیری  پیشووتری کشتوکاڵی تورکیا
مەهدی ئەکەر، وەزیری پیشووتری کشتوکاڵی تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا دەڵێت: پەیوەندییەکانی نیوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە. لەبارەی پەکەکە گوتی: پەکەکە بە زۆرەملێ و خۆسەپاندن خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە

مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە سەرجەم بوارەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، ئێمە بەهۆی ئەوەی دراوسێی یەکترین لە زۆر شتە پێکەوە هاوبەشین، بیر و باوەڕ و پەیامەکانیشمان وەک یەکن.

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا، بەردەوامیش هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین. جەختیشی لەوەکردەوە، پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەیە. ناوبراو سەرنجی خستە سەر ئەوەش؛ قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەگاتە 15 ملیار دۆلار.

مەهدی ئەکەر، دەڵێت: لەکاتی بوومەلەزرەکەدا هەرێمی کوردستان بەزوویی بەهانای تورکیا هات و زۆترین هاوکاری پێشکەشی خەڵکی تورکیا کرد.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر هاناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکی، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، گوتی: هیوادارم هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا کێشەکانیان لەباری دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت بە هاوبەشی چارەسەر بکەن، هەروەها هیوادارم هیچ وڵات و ناوچەیەک دەستێوەردان نەکات لەو بارەیەوە و ئێمە کێشەکانی خۆمان لەنێوخۆمان چارەسەر دەکەین، چونکە دەستوەردانی ئەوان بە ئاراستەی ئاڵۆزترکردنی کێشەکانە نەک چارەسەرییەکان.

گوتیشی: گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا بۆ دووبارە هاناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکییەوە بەردەوامە، چونکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هەموواندایە.

لەبارەی کێشەی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا، مەهدی ئەکەر ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر عێراق کێشەی کەمئاوی هەبێت و داوا لە تورکیا بکات، ئەوا ئەو کێشەیە بە دانوستان لەگەڵ تورکیا چارەسەر دەکرێت، بە دڵنیاییەوە تورکیا ئامادەیە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و هیچ کەمترخەمیکیش ناکات، چونکە تورکیا هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە خوشک و برای خۆی دەزانێت.

لەبارەی پەکەکە وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، گوتی: "بوونی پەکەکە لە عێراق تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا، بەڵکو ئالنگارییەکی زەقە بۆ سەروەری عێراق. بەهەمان شێوە، ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەشێوێنێت، بەداخەوە هێشتا شار، شارۆچکە و هەندێک ناوچەی دیکە  لە ژێر هەژموونی پەکەکەدان. پێویستە عێراق هەڵوێستێکی جددی بەرانبەر پەکەکە بنوێنێت".

گوتیشی: پەکەکە بە زۆرەملێ و خۆسەپاندن خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و، هەروەها پەکەکە زۆترین زیانی بە ماڵوحاڵی دانشتووی گوندەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.