ئاسۆ عه‌بدولـله‌‌تیف: بۆ كورد گرنگه‌ بوونی خۆی وه‌ك ئاشتیخواز له‌ ناوچه‌كه‌ نیشان بدات

"تاكو ئێستا كورد نه‌یتوانیووه‌ وه‌به‌رهێنان بۆ ئازاره‌كانی بكات"

K24 – هەولێر:

چاودێرێكی سیاسی له‌باره‌ی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێپس، رایده‌گه‌یه‌نێت، كورد 100 ساڵه‌ كار بۆ پێگه‌یشتنی خۆی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌ ده‌كات، كه‌ له‌ رابردوودا به‌ ئاگر و ئاسن رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌. هاوكات گوتیشی: "بۆ كورد گرنگه‌ بوونی خۆی وه‌ك ئاشتیخواز له‌ ناوچه‌كه‌ نیشان بدات".

ئاسۆ عه‌بدولـله‌‌تیف نووسەر و چاودێری سیاسی، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بۆ كورد گرنگه‌ بوونی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی ئارام، ئاشتیخواز و سه‌قامگیر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نیشان بدات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كۆڕبه‌ندی سیاسیی گه‌رم له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئامانج لێی كورد بیسه‌لمێنێ كه‌ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقێكی دیموكراسی فیدراڵ به‌ ئاراسته‌ی پاراستنی‌ سه‌قامگیری و ئارامی ناوچه‌كه‌ ده‌دات.

له‌باره‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ رایگه‌یاند، هێزی پێشمه‌رگه‌ و  هه‌رێمی كوردستان توخم و ره‌گه‌زێكی بنچینه‌یی بوون له‌ پاراستنی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

ده‌شڵێت: "ده‌بێت كورد كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات‌ هه‌رێمێكی ئارام و دیموكراسی و كراوه‌‌ وه‌ك نموونه‌ پیشانی رای گشتی له‌ ناوچه‌كه‌ بدات".

گوتیشی: "ئه‌وانه‌ی‌ له‌ مێپس به‌شداربوون، جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌،  كه‌ ده‌بێت پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسییه‌ت و مافی مرۆڤ و فیدراڵییه‌ت له‌ عێراق بچه‌سپێت".

گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان وه‌ك نیمچه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌كته‌رێكی ده‌وڵه‌تی هاوشان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ ده‌توانی كاره‌كته‌ری خۆی بسه‌لمێنێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و جه‌نگه‌ نابه‌رامبه‌ره‌ی كه‌ له‌ غه‌ززه‌ هه‌یه‌، كوردیش ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی عێراق كه‌ تاكو ئێستا ئینكاری مافه‌كانی ده‌كرێت، ئه‌و دیدگایه‌ جێبكاته‌وه‌ مافه‌كانی ده‌سته‌ربكرێت.

ده‌شڵێت: "‌تاكو ئێستا كورد نه‌یتوانیووه‌ وه‌به‌رهێنان بۆ ئازاره‌كانی بكات، چه‌ندین ساڵ كورد شه‌ڕی داعشی كرد، ده‌بێت چیتر وڵاتانی بیانی گوێ له‌و نه‌غمه‌ تراژیدیایه‌ی كورد بگرن، وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی به‌كاری نه‌هێنن".

ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپیپێکرد و سبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.