گەیلان حاجی سەعید: کۆڕبەندی مێپس ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات

گەیلان حاجی سەعید
گەیلان حاجی سەعید

K24 - هەولێر:

جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان رایگەیاند، کۆڕبەندی مێپس ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی بەشداربووی کۆڕبەندەکە بەهێزتر دەبن.

رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) گەیلان حاجی سەعید، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، راستە کۆڕبەندەکە ناوەڕۆکی ئاشتی و ئاسایشە، بەڵام ئەوانەی بۆ کۆڕبەندەکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، دەبینن کوردستان لە چ ئاستێکدایە لە رووی ئابووری، بۆیە بابەتەکان هەرچەند جیابن لە کۆڕبەندەکە، بەڵام ئابووری بەشێک دەبێت لە بابەتەکان.

گەیلان حاجی سەعید، پێی وابوو، ئەوانەی بەشداری کۆڕبەندی مێپسن دەبینن ماوەی ئەو ساڵانە هەرێمی کوردستان چی کردووە بۆ بەهێزکردنی ئابووری، بۆ ئەوان گرنگە بەچاویان روون بێ لەوەی هەرێمی کوردستان بە چ ئاراستەیەک کاردەکات لە رووی ئابووری و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کە لایەنێکی گرنگی ئابوورییە، وڵاتانی دەرەوەش پێویستە بزانن هەرێمی کوردستان بەرهەمە ناوخۆییەکانی گەیشتووەتە چ ئاستێک، دڵنیایشی نیشاندا لەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو وڵاتانە پێویستیان بەو کاڵایانەی هەرێمی کوردستان دەبێت.

گەیلان حاجی سەعید گوتی: بەشداربوونی هەشتا وڵات لە کۆڕبەندی مێپس نیشانەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و ئاسایشی تێدایە، وڵاتانی بەشداری مێپس کە دەبینن کوردستان ئارامی و سەقامگیری تێدایە، هانی وەبەرهێنەرانیان دەدەن لەو وڵاتە کار و سەرمایەگوزاری بکەن، هاتنی ئەو وڵاتانە بۆ کۆڕبەندەکە ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ ئارامی و سەقامگیری کوردستان.

جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکاران پێشکەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کە لە بواری بەرهەمی ناوخۆ هەنگاوی بۆ ناوە، لە دیارییەکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بینیەوە کە سندووقێک هەناری پێشکەشی بۆریس جۆنسون سەرۆکی پێشووتری بەریتانیا کرد، ئەو پێی وابوو ئەو دیارییەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئاماژەیەکی زۆر گەورەیە لە رووی ئابوورییەوە لەبەرئەوەی لە ماوەی رابردوودا هەناری کوردستان گەیشتە بەریتانیا.

گەیلان حاجی سەعید هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ هاندانی جووتیاران و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە گرنگ وەسفکرد، پێی وابوو؛ وای لە جووتیاران کردووە کاری باشتر بکەن، گوتیشی: ئێمە پشتیوانی جووتیارانمان کردووە بەشێوەیەک لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ کۆمپانیایەکی سعوودی بەناوی کۆمپانیای ئەورا پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی سعوودیە بکەین.

لەبارەی گرنگی پەیوەندییەکانیش ئاماژەی بەوە کرد، هەمیشە دروستکردنی پەیوەندیەکان، ئابووری وڵات بەهێز دەکات، لەو کۆڕبەندانەوە دەبێت بیسەلمێنین کە هەرێمی کوردستان شارێکی دیکەی عێراق نییە، بەڵکو هەرێمی کوردستان جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لە رووی ئارامی و ئاسایشەوە، هاوکات لە رووی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران، گوتیشی: لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە فلیپین کۆبووینەوە و پێشنیازی ئەوەیان کرد بەرهەمەکانی کوردستان بنیردرێنە فلیپینیش کە پێویستیان بە هەندێک کاڵای ئێمە هەیە لە هەرێمی کوردستان وەکو کاری کشتوکاڵی لە پیاز و پەتاتە، پێی وابوو بازار دۆزینەوە بۆ جووتیارانی کوردستان هانیان دەدات بەرهەمیان باشتر بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپیپێکرد و سبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئا / کارزان حەیدەر