برێندن ئۆلیری: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نادەستوورییە و بڕیارەکانی لایەنگرانەیە

K24 – هەولێر:

شاره‌زایەکی‌ نێودەوڵەتی لە بواری دەستووریی رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستووریی نییە و بڕیارەکانیشی نادەستووریین و پێشنیاز بۆ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات سەرنج بخەنەسەر فشارە نێودەوڵەتییەکان.

رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023)، برێندن ئۆلیری، شارەزای دەستووری لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندی مێپس 2023 بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم کۆڕبەندە هەلێکی زۆر باشە بۆ شارەزایانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن دەربارەی پرسەکان بکەن. هەلێکیشە بۆ سیاسەتمەداران، توێژەران و رۆژنامەنووسە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی گفتوگۆی جددەی نەک تەنیا دەربارەی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی ناوچەکە بکەن.

برێندن ئۆلیری ئاماژەی بەوەکرد، "بڕوام وایە پرسی سەرەکی، کە جێگەی سەرنجە بۆ من، شکستی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە. من رۆڵێکی لاوەکیم لە پێدانی راوێژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسینەوەی دەستوورەکە هەبوو، بۆیە من زۆر بە باشی لە دەستوورەکە شارەزام و زۆر خەمبارم، کە جێبەجێنەکراوە."

هەروەها برێندن ئۆلیری روونیکردەوە، "ئەوەی کە هەیە شکستە لە جێبەجێکردنی دەستوور وەک ئەوەی شکستی ناوەڕۆکی دەستوورەکە بێت. چەند هۆکارێکی سەرەکیش بۆ ئەمە هەن. پێش هەموو شتێک، دوای داڕشتنی دەستوور، ئەو دوو هاوپەیمانییەی دەستوورەکەیان نووسیەوە، کە شیعە عەرەبەکان و کورد بوون، جیابوونەوە".

ئۆلیری زیاتر گوتی، "ئەمەش بەهۆی بڕیاری کورد نەبوو، بەڵکو حزبی دەعوە بەسەر ئەو هاوپەیمانییە شیعییە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 12ی 2005 سەرکەوت. ئەمەش وایکرد ئەو لایەنە شیعییەی زیاتر پشت بە دەسەڵاتێکی ناوەندی دەگرن بێنە دەسەڵات. دواتر بووە هۆی شەڕێکی نێوخۆیی لایەنە عەرەبییەکان. دواتر سەرکردەکانی شیعە، بەدیاریکراوی مالیکی و هەندێک سەرکردەی دیکە، بەشێوەیەک وەڵامیان دایەوە و داوایانکردن عێراق پێویستی بە ناوەندیکردنی زیاتر هەیە، ئەمەش دەسەڵاتێکی نادەستووریی زۆری بەخشییە سەرۆکوەزیران و بووە هۆی شکستهێنان لە جێبەجێکردنی بڕگە سەرەکییەکانی دەستوور، بەشێوەیەکی دیاریکراو شکستیهێنا لە درووستکردنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دووەم".

لەبارەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، ئەو شارەزا دەستوورییە باسی لەوەکرد، "پێویستبوو دادگای باڵای فیدڕاڵی لەژێر ماددەی 92 بە یاسایی بکرێت، بەڵام ئەمە رووینەدا. بە بڕوای من ئەو دادگایەی هەیە دەستووری نییە. بۆیە بە بڕوای من بڕیاری نادەستووریی و نابەجێی داوە".

هاوکات ئۆلیری ئاماژەی بە دوایین بڕیاری ئەو دادگایە کرد و رایگەیاند، "دوا بڕیاریش، لادانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو. ئەوە کاری پەرلەمانە ئەندامەکانی لەکار لاببات نەک دادگای باڵا".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، برێنده‌ن ئۆلێری باسی لەوەکرد، لە دەستوور بەروونی ئاماژەبەوەدراوە، حکومەتی فیدراڵ هیچ دەسەڵاتێکی دیاریکراوی بەسەر نەوت و غازەوە نییە. لەبری ئەوە دەستوور بەشێوەیەکی دیاریکراو، دەسەڵاتی هاوبەشی درووستکردووە بۆ ئەو کێڵگە نەوتییانەی بوونیان هەبووە. بەڵام بە مەبەست بێدەنگبووە بەرانبەر پرسی کێڵگەی نوێ. ئەمەش واتە هەر کێڵگەیەکی نوێی نەوت و غاز لە هەرێمەکان، تا ئێستاش کوردستان تاکە هەرێمە بوونی هەبێت، ئەو هەرێمە دەتوانێت نەوت و غازی خۆی پەرەپێبدات بە شێوازی خۆی".

ئۆلیری زیاتر گوتی، "لەگەڵ ئەوەشدا، شکست لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەستووریش هەیە، کە پرسی فراوانکردنی سنووری خاکی هەرێمی کوردستانە."

برێندن ئۆلیری جەختی لەوەکردەوە، "دەستووری عێراق، هاوسەنگی هێزە لە رابردوودا، کە کورد و شیعە بەدیاریکراوی و هەندێک لایەنی سوونە بەیەک بگەیەنێت. بڕوام وایە، زۆر گرنگە سەرکردایەتی کورد سەرنج بخاتە سەر فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق. بە بڕیار و دیدی کەسی من، پێویستە ئەو دادگایە پشتگوێ بخرێت، دادگایەکی لایەنگرە و هیچ شوێنێکی لە دەستووردا نییە. تەنانەت ئەگەر پێگەیەکی نافەرمیشی لە دەستوور هەبووایە، ئەوا ئەو پێگەیەی لەناوبردووە بەهۆی ئەوەی شکستی هێناوە بڕیاری بێلایەنانە بدات، نەک تەنیا لە پرسی سەرۆکی پەرلەمان بەڵکو لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیش".

ئۆلیری پێشنیازی ئەوەشی خستەڕوو، "بۆ هەر هەنگاوێک بەرەو پێشەوە، بە بڕوای من پێویستە سەرکردایەتی کوردستان رژدبێت لەسەر پێهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی دووەم لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق یاخود تەنانەت ئەو پەرلەمانەش. لەگەڵ ئەوەشدا، بە دەستووریکردنی دادگایەکی باڵای فیدراڵی دووبارە دیزاینکراو بەشێوەیەکی گونجاو."