د. راندڵ رۆز: کۆڕبەندی مێپس کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە دەکات

د. راندڵ رۆز، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک
د. راندڵ رۆز، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک

K24 - هەولێر

سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەڵێت، "لەم ساتە هەستیارەدا، هەوڵمانداوە بە بەڕێوەبردنی کۆڕبەندێک چارەسەر بۆ کێشە و گیروگرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزینەوە".

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 21-11-2023، د. راندڵ رۆز، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس 2023، رایگەیاند، "ئێستا کاتی ئەوەیە سیستەمێکی نوێ بێنینە کایەوە دیدگای خۆمان بەم سیستەمە هەرێمییە بخینەڕوو، لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان فێربووین پێکەوە کاربکەین. بۆ بەرەوپێشچوونی تواناکانی قوتابییان، ئەوە دەرخەرێکی کارەکانی زانکۆیە کە چ کارێکمان کردووە بۆ ئەوەی چارەسەرێک پێشکەش بکەین بۆ ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن".

سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی  کوردستان لە دهۆک گوتی، "لەرێگەی پڕۆگرامی خۆمانەوە، هەوڵمانداوە قوتابیانمان بەرەو پێشەوە ببەین، بەرەو رەهەندێکی جیهانی، هەموو ئەو بنەمایانەش کە زانکۆکە پەیڕەوی کردووە، ئازادی رادەبڕین، چارەسەری کێشەکان، هەموو ئەمانە رەنگیانداوەتەوە لەناو زانکۆی ئەمەریکی کوردستاندا. لەم ساتە هەستیارەشدا، هەوڵمانداوە بە بەڕێوەبردنی کۆڕبەندێک کە پێکەوە بیروڕا جیاوازەکان کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ کێشەو گیروگرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

د. راندڵ رۆز گوتیشی: "زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بچێت. زانکۆی ئەمەریکی لەگەڵ حکومەت هەماهەنگ بووە بۆ ئەوەی کار بکەن لەسەر ئەو پرسانەی کە هەیە، لە هەمانکاتدا کاری کردووە بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات، کاری کردووە لەگەڵ وەزارەتەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی رێگاکانی وانە گوتنەوە پێشکەش بکات، زانکۆکەمان کاری کردووە بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان".

بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00 چالاکییەکانی رۆژی دووەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) دەستیانپێکرد. 

ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، ژمارەیەک سیاسەتمەداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک قسەکەر بەشداری لە پانێلەکان دەکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پانێلی سێیەمی رۆژی دووەمی کۆڕبەند، باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پانێلەکە لەلایەن مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC بەڕێوەدەبرێت.

دوێنێ دووشەممە، 20-11-2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.

ئامادەکردن: لاڤین عومەر