هونەر عیسا: گفتوگۆکانی کۆڕبەندی مێپس چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارییدەکات

هونەر عیسا، ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک
هونەر عیسا، ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک

K24 – هەولێر:

ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، رایدەگەیەنێت، کۆڕبەندی مێپس پردێکە لەنێوان بڕیاربەدەستان و شارەزایان، هەروەها شوێنێکی بۆ ئەوەی شارەزایان پێکەوە قسە بکەن و بابەتە هەستیارەکانی تێدا باس بکەن. هونەر عیسا سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد بۆ سازدانی ئەو کۆڕبەندە و هەروەها سوپاسی تایبەتی کوردستان 24ـی کرد کە سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە بوو.

هونەر عیسا، ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لەمیانەی وتارێکدا لە کۆڕبەندی مێپس سوپاسی بەشداربووان و ئامادەبووانی کۆڕبەندەکەی کرد و سوپاسی سپۆنسەرەکانی کۆڕبەندەکەشی کرد، هەروەها ناوبراو سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد بۆ سازدانی ئەم کۆڕبەندە و سوپاسی تایبەتی دامەزراوەی کوردستان 24یشی کرد کە سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە بوو.

ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، کۆڕبەندی ئەمساڵ لەکاتێکدایە کە دوو ململانێی گەورە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر روویداوە. گوتیشی: سەرەڕای ئەو دۆخە جیۆپۆلەتیکییە ئێمە لە دهۆک ئەم کۆڕبەندەمان بەڕێوەبرد و گرنگبوو بەلامان بڕیاربەدەستان، سیاسەتداڕێژان، شارەزایان و قوتابییان لە کاتە زۆر هەستیارەدا کۆبکەینەوە. هەروەها هونەر عیسا، زۆر سوپاسی ئەو خۆبەخشانەی کرد کە وایانکرد ئەو کۆڕبەندە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.

ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، باسی لەوەشکرد، سەرکەوتنی ئەم کۆڕبەندە بۆ قوتابییان و بۆ ئەو ستافە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەگەڕێتەوە، کە ماندوونەناسانە کاریان کرد بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە.

هونەر عیسا، گوتی: کۆڕبەندی مێپس بووەتە شوێنێک بۆ کۆمێنتی شارەزایان و پسپۆڕان کە باس لە پرسە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە دەکەن، کە ئەمەش کاتێکی گرنگە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی.

گوتیشی: "ئێمە پشتئەستووربووین کە دۆستی زۆر باشمان هەیە، ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆڕبەندەکە باسکران چارەنووسی ناوچەکە دیاری دەکەن، کۆڕبەندی مێپس پردێکە لەنێوان بڕیاربەدەستان، شارەزایان بۆ ئەوەی بابەتە هەستیارەکانی تێدا باس بکەن، ئەمساڵیش کۆمەڵێک بابەتی گرنگ باسکرا وەک شەڕی غەززە، ئەو کێشەی کە لە ناوچەکە هەیە، ئەو کارکردنە پێکەوەیەی کە دەبێت ئەمەریکا و چین هەیانبێت لە ناوچەکە و گؤارانکارییەکانی کەشوهەوا".

ئەندامی دەستەی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، ئەوەشی راگەیاند، "کە زۆر شەڕەفمەندین کە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، وەزیری دەرەوەی عێراق، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق میوانداریکردین کە ئەمە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە تێیدا سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر پرسە گرنگەکان خستەڕوو".