عەلا روکابی: دەمانەوێت پارێزگاکانی عێراق وەکو هەرێمی کوردستان پێشکەوتوو بن

عەلا روکابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
عەلا روکابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان ناوازەیە و پێیان خۆشە پارێزگاکانی عێراق وەکو هەرێمی کوردستان ئاوەدان و پێشکەوتوو بن.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) عەلا روکابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێپس بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەو کۆڕبەندە دەرفەتێکی زۆر باشە  بۆ ئەوەی  لەو دەرگایەوە  بتوانین  دیدگایەکی نوێ دروستبکەین و  زیاتر لە یەکتر نزیک ببینەوە بۆ  چارەسەری کێشەکانی نێوانمان".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق  بە پێویستی زانی لایەنەکان لەگەڵ یەکتر  دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە بەگوێرەی دەستووری عێراقی، گوتیشی: "هیچ شتێک رێگر نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ماددانە دابڕێژینەوە کە پێویستیان بە داڕشتنەوە هەیە" .

عەلا روکابی باسی لەوەشکرد، پێویستە هەمووان هەست بەوە بکەن مافەکانیان بە پێی دەستوور پارێزراوە، ناکرێ کەس سەرپێچی دەستوور و مافەکانی ئەوانی دی بکات، پێویستە مەرجەعییەت دەستووری عێراقی، پێشی وابوو ئەو کێشانەی ئێستا هەیە بەو شێوەیە نییە کە نەتوانین چارەسەری بکەین .

لەبارەی رەوشی ئاوەدانی و پێشوەچوونی هەرێمی کوردستانیش ، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەزموونێکی ناوازەیە، ئەزموونێکی زۆر پێشەنگکارانە لە کوردستان روودەدات، من هیواخوازم لە هەموو پارێزگاکانی عێراق هەمان پڕۆسە بەڕێوەبچێت".

گوتیشی: "ئەوەی لە مێپس بیستمان ئەوە بوو کە باج لەسەر وەبەرهێنەران کەمکراوەتەوە ، ئەوە کارێکی زۆر باشە، کارکردن دژی گەندەڵی کارێکی زۆر باشە، ئەمە وا دەکات وەبەرهێنەران لە تەواوی جیهان روو لەو ناوچەیە بکەن، پێمان خۆشە ئەو جموجۆڵەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە هەمان شێوە لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق هەبێت .

لەبارەی پێشنەکەوتنی عێراقیش، عەلا روکابی ئاشکرای کرد، زۆربەی پارتە سیاسییەکان کە دەسەڵاتدارن لە عێراق، بوونەتە مافیای سیاسی و هەر یەکەیان لیژنەیەکی ئابووری خۆی هەیە و دەچێتەسەر وەبەرهێنەران و پارەیان لێ وەردەگرن و لە پرۆژەی دیکە وەبەرهێنان دەکەن .

ئامادەکردنی :کارزان حەیدەر