کازم زوبەیدی: عێراق پێویستی بە کۆڕبەندی هاوشێوەی مێپسە

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی
کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی و ئەمنی، رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی دیموکراسی هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، کە دەبێت پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای هاوبەشی بێت. گوتیشی: عێراق پێویستی بە کۆڕبەندی هاوشێوەی مێپسە.

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم کۆڕبەندە بۆ عێراق زۆر گرنگە، هەرێمی کوردستان نەبووایە حکومەتی عێراق نەیدەتوانی کۆڕبەندێکی لەو شێوەیە سازبدات، تەنانەت کەسایەتی لەم جۆرە ئامادەی کۆڕبەندەکە نەدەبوو ئەگەر عێراق ئەم کۆڕبەندەی سازدابا، بەڵام هەرێمی کوردستان لە رووی ئەزموونی دیموکراسی لە پێش عێراقە، ئێستا هەرێمی کوردستان ململانێ لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەکات و پلەی یەکەمە لەنێو ئەوانیش.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، تەوەرەکانی ئەو کۆڕبەندە هەمووی جەختکردنەوە بوو لەسەر ئاسایشی هەرێمیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە پلەی یەکەم هاتبوو لە کۆڕبەندەکە، هەروەها بەشداربووانی کۆڕبەندەکە هەموویان رژدبوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو کارەی کە ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتی سەرکۆنە بکرێت، لەلایەکی دیکەوە هەروەکو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لێکردەوە، "کە پێویستە گوتاری هەرێمیی لە بەرامبەر دۆزی غەززە گوتارێکی ئاقڵانە بێت". گوتیشی: ئێمە وەک دەوڵەت توانامان هەیە دەتوانین یارمەتی غەززە بدەین لە رێگەی هاریکاری پزیشکی یاخود لە رێگەی هاریکاری مرۆیی.

دەشڵێت: زمانی ئاڵۆزکردنی ململانێکان و هێنانە ناوەی عێراق بۆ شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئەمە کاری ئێمە نییە و هیچ پەیوەندی بە ئێمە نییە، وەک تەواوی وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی ئێمەش سەرکۆنەی دەکەین، بەڵام نابێت خۆمان تیکەڵی ئەو جەنگە بکەین کە لە توانای ئێمەدا نییە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیی و ئەمنییە ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی خاڵیکی زۆر گرنگی کرد و گوتی: "عێراق پێویستە لەڕووی ناوخۆییەوە بەهێز بێت". کە ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگ بوو باسی کرد، روونیکردەوە؛ پێویستە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بنەمای برایانە و هاوبەشیپێکردن لەسەر بنەمای دەستوور بنیاتنرابێت، چونکە هەموو لایەنەکان دەیانەوێت دەستوور لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن.

لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق، کازم زوبەیدی، گوتی: کاتێک پەکخستنی سیاسی لە عێراق روویدا و کاتێک موقتەدا سەدر هاتە نێوحکومەت، لایەنە سیاسیە عەرەبییەکان هاتن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پێیان گوت کە ئێمە دەمانەوێت حکومەتی عێراق پێکبهێنین و تەواوی کارتەکانیان خستە سەرمێز، سەرۆک بارزانی ئەو کات داوای هیچ شتێکی لەوان نەکرد و تەنیا گوتی: "ئێوە دەستوور جێبەجێ بکەن و کولتووری پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکان و ئایینە جیاوازەکان جێبەجێ بکەن".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیی و ئەمنییە، دەڵێت: هەروەکو چۆن سەرۆک بارزانی دەیەوێت کە خەڵکی عێراق خێر لەخۆیان ببینن، ئێمەش دەمانەوێت بەرپرسانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەهەمان شێوە میللەتی خۆیان بپارێزێت، هەروەها پێویستە بە گوێرەی دەستوور کاربکرێت و یاسا سەروەر بێت.

کازم زوبەیدی، باسی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە بارەی دوورخستنەوەی حەلبووسی کرد و ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی بەرژەوەندی لەوەدا بینییوە کە ئەو بڕیارە لەکات و ساتێکی وا دەربکات، هەندێک لایەنی سیاسیش دەڵێن: "بڕیارەکە بە سیاسی کراوە". من وەک رای خۆم پێموایە کاتی دەرکردنی بڕیارەکە لە کاتێکی باشدا نەبووە، دوای هەڵبژاردنەکان بووایە باشتر دەبوو.