سالار عوسمان: دیدگای سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕوابه‌خۆبوونێتی به‌ دۆزی گه‌له‌كه‌ی

سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی  بۆ جوگرافیایەکی فراوان بوو لە ناوخۆ تاوەکو تەواوی دونیا.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە قسەکانیدا باسی رەخنە و زەروورەتی رەخنە و رۆڵی بنیاتنەرانەی رەخنەی کرد لە پرۆسەی سیاسی و کلتووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: "دیدگای سەرۆکوەزیران دیدگایەکی زۆر روون بوو لە پرسی متمانە و بڕوا و شیان و قودرەتی بەرێوەبردن، هەروەها دیدگای سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕوا به‌خۆبوونێتی به‌ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌ی".

بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خوێندنەوەی بۆ قسەکانی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیران وابوو کە، بە روونی قسەی بۆ ناوخۆی کوردستان و عێراق و دراوسێکان و دونیا و رای گشتی کرد ، گوتی: "لیڤڵی قسەکانی سەرۆکوەزیران بۆ جوگرافیای جیاواز بوو لە جوگرافیای ناوخۆی هەرێمی کوردستان  تا ئەوپەڕی دونیا".

سالار عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە لەوەی هەرگیز مافی هاووڵاتییان لەلای ئەو سازشیان لەسەر ناکرێت، بەتایبەت لە مافە دەستوورییەکان، پێی وابوو ئەوە ئاماژەیەکە بۆ ئاشتی و زەروورەتی گفتوگۆ، سەرۆکوەزیران پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی کرد و گوتی: "کە دەبێ گرەنتیەکی دیکە بدەن کە ئەو هەرێمە جارێکی دیکە دووچاری خەم و کارەسات و جینۆساید  نەبێتەوە" .

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (20-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەچوو.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە چوو و سێ رۆژ بەردەوام بوو.

ئامادەکردن: کارزان حەیدەر