بەیان سامی: هەوڵمانداوە کوردستان ببێتە بەشێک لە پلانی رێکخراوەکانی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا 

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و کەشوهەوا
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و کەشوهەوا

K24 - هەولێر:

راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ دەرفەتێکیان لە بواری کەشوهەوادا لەبەردەم نەماوە و پێویستە دەستبەکار بکەن، گوتیشی: هەوڵمانداوە کوردستان ببێتە بەشێک لە پلانی رێکخراوەکانی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و کەشوهەوا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، مێپس گرنگی زۆری هەبوو، ئەمرۆ وۆرک شۆپێک بە بەشداری نزیکەی 50 پسپۆری زانکۆیە جیهانییەکان لەوانە ئەمەریکا، فەرەنسا، چین و هیندستان، بەڕیوەچوو لە بواری کەشوهەوا، کە بووەتە بابەتێکی جیۆستراتیژی و ئاسایشی نیشتیمانی، هەر لەبەر ئەوەش پێویستە کوردستان ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانە بێت.

لەبارەی گرنگی پانێڵەکە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری کەشوهەوا گوتی: ئەو پانێلانە وا دەکات هەموومان تیشک بخەینە سەر بابەتەکان  و گفتوگۆی لەسەر بکەین و بیرۆکەکان بگۆڕینەوە، بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە دۆستەکان لە دەرەوە تێبگەن پرسی کەشوهەوا  لە هەرێمی کوردستان بە گرنگی وەرگیراوە. گوتیشی: هەرێمی کوردستان لەبواری کەشوهەوادا  لە بواری ئاو و دارستان و بەنداو کاری کردووە ، گرنگە جیهان تێبگات هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئاگادارە و کاری بۆ دەکات.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "هەوڵمانداوە کوردستان ببێتە بەشێک لە پلانی رێکخراوەکانی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا". 

لەبارەی ئەو پارەیەی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا تەرخانی دەکات، راوێژکاری سەرۆکوەزیران گوتی: لە جیهان باس لە دابینکردنی 100  بلیۆن دۆلار دەکرێت بۆ ئەو وڵاتانەی دەتوانن کاریگەری لەسەر کەشوهەوا دروستبکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لەوە وەربگرێت، لە دەرەوی عێراق خەڵک وا دەزانێ عێراق پارەی هەیە و وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێویستی بەو هاوکاری نییە، پێویستە ئێمە دامەزراوەکانی جیهان تێبگەینین لەوەی پارەی عێراق ناگاتە ئێمە و پێویستە ئەوان یارمەتیمان بدەن کە عێراق یارمەتیمان نادات.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان لەبارەی مەترسییەکانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق ئاماژەی بەوە کرد، عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ دەرفەتێکیان نەماوە و پێویستە ئێستا دەستبەکار بکەن، کێشەکانی کوشوهەوا بۆ وڵاتان بۆ ئاییندەیە کەچی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا لەنێو کێشەکەدایە ، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا ئێستا بۆ ئێمە کێشەیە نەوەک بۆ ئاییندە، بۆیە بە جددی ئەو بابەتەمان وەرگرتووە.

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (20-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەچوو.

ئامادەکردنی : کارزان حەیدەر