وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا بۆ کوردستان24: بەهۆی لێشاوی کۆچبەرانەوە هەشت دەروازەی سنووری لەگەڵ رووسیا دادەخەین

میکۆ  کەنوونێن، باڵوێز لە وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا
میکۆ کەنوونێن، باڵوێز لە وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا

K24 - هەولێر:

بەهۆی زیادبوونی لێشاوی کۆچبەران کە لە سنوورەکانی دراوسێوە خۆیان دەگەیننە نێو ئەو وڵاتە، فینلەندا هەشت دەروازەی سنووری لەگەڵ رووسیا داخست و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت: ئەگەر لێشاوی کۆچبەران بەردەوام بێت، رێکاری دیکە دەگرنە بەر.

رۆژی پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) میکۆ  کەنوونێن، باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی ئێستا روودەدات جێی نیگەرانییە، هەینی رابردوو نزیکەی 220 کۆچبەر هاتنە نێو فینلەندا و لە رووسیاوە سنوورەکانی ئێمەیان بەزاند و ئەو ژمارانە رۆژانە زیاد دەبن، رووسیا پرسی کۆچبەران بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت بۆیە پێویستە هەڵوێستمان هەبێت و بەشێوەیەکی کاتی سنوورەکان لەگەڵ رووسیا دابخەین.

لەبارەی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا ئاشکرایکرد، لە دوو هەفتەی رابردوودا نزیکەی 800 کۆچبەری یەمەنی، سووری، سۆماڵی و عێراقی خۆیان گەیاندووتە فینلەندا، جگەلە خەڵکی هیندستان و مەغریب و وڵاتانی دیکەش.

میکۆ کەنوونێن ئاماژەی بەوەشکرد، لێشاوی کۆچبەران ئالنگاری لەبەردەم ئازادی و سەروەری فینلەندا دروستکردووە، هەڵوێستی رووسیاش لەو پرسە وایکرد هەشت دەروازەی سنووری لەکۆی نۆ دەروازە دابخەین.

ئەو باڵیۆزە لە وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا، نیگەرانی خۆشی نیشاندا لەوەی ئەو کۆچبەرانە دەگوازرێنەوە ناوچەیەکی باکووری ئەو وڵاتە کە پلەی گەرمی 22 پلە لەژێر سفرەوەیە، گوتیشی: ئەگەر سنوورەکانمان پڕ بێت لە کۆچبەر، رێکاری نوێ دەگرینە بەر .

هاوکات ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، تۆمەتەکانی فینلەندای بۆ وڵاتەکەی لەبارەی پرسی کۆچبەران رەتکردەوە و گوتی: حکومەتی فینلەندا هەڵوێستی دژ بە رووسیا دروستدەکات.

هەروەها پێتری ئۆروپۆش، سەرۆکوەزیرانی فینلەندا لەبارەی زۆربوونی رێژەی کۆچبەری لە وڵاتەکەی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: وڵاتەکەی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ رووسیا دادەخات جگەلە دەروازەی رایا یوسیپی لە ناوچەی باکوور کە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی فینلەندا، لەدوای مانگی هەشتی رابردوو نزیکەی 800 پەناخواز بەبێ ڤیزا لە دەروازەکانی ناوچەی باکوورەوە روویان لە فینلەندا کردووە.

ئا/ کارزان حەیدەر