ئایدن مەعروف: کابینەی نۆیەم بەردەوام پشتیوانی پێکهاتەکانی کردووە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت، کابینەی نۆیەم بەردەوام پشتیوانی پێکهاتەکانی کردووە و، داواش لە دادگای فیدراڵی دەکات سکاڵای دژ بە ژمارەی کورسی پێکهاتەی تورکمان رەتبکاتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان کرد.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەردان و هاتنی لویس ساکۆ، پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکان. ئێستا ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتی زیاتر هەیە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان نەتەوە و ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان".

 بە گوتەی ئایدن مەعروف، "کابینەی نۆیەم بەردەوام پاڵپشتیی لە پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئەم پێکەوەژیانە بۆ هەموو لایەک زۆر گرنگە".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی: "رۆژی 03-12-2023، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی بە یاسای هەڵبژاردن و کورسی پێکهاتەکان هەیە. چەندجارێک گوتوومانە سکاڵاکردن لەدژی پێکهاتەکان و کۆتا بابەتێکی هەڵەبووە، پێویستی بەو سکاڵایە نەدەکرد، چونکە کۆتا کە شوهەوایەکی تایبەت بەخۆی هەیە، پێویست بوو هەموو لایەک پاڵپشتی و پشتگیری کۆتایان بکردایە. بوونی پێکهاتەکان گرنگە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان وعێراقیش".

ئایدن مەعروف داوا لە دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکات، "ئەم سکاڵایە رەتبکاتەوە کە تایبەتە بە کۆتای پێکهاتەکان" چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "هەر بڕیارێک دژی کۆتا دەربچێت، کاریگەری خراپی لێدەکەویتەوە، هەر بڕیارێک پێش ئەوەی دەرچێت لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراق، پێویستە رەچاوی رەوشی عێراق و رەوشی سیاسی ناوچەکەش بکات".

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى راستەوخۆی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.

ئامادەکردن: لاڤین عومەر