لویس ساکۆ: ناکرێت دادگاکان بە سیاسی بکرێن

سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە کریستانەکان داوە

K24 - هەولێر

لویس ساکۆ رایگەیاند: سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە مەسیحیەکان داوە و گرنگیان پێدەدات، پێشتر ئاماژەی بەوەشداوە "لەگەڵ مەسیحییەکان پێکەوە دەژین و دەمرن"، بۆیە دەمەوێت ئەو قسەیە لە بەغداش ببیستم.

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دڵخۆشم ئەمڕۆ لێرەم و لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ پێکهاتەکان کۆبوومەوە، چونکە لەلایەن سەرۆکوەزیران دروستکراوە، ئاماژەیە بۆ سووربوونی هەرێمی کوردستان لەسەر پاراستنی پێکهاتەکان، جا پێکهاتە ئاینییەکان بێت یان پێکهاتە نەتەوەییەکان، کە پێویستە عێراقیش ئەم رێگایە بگرێتە بەر.

گوتیشی: هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری لەو وەزارەتەی خۆی بکات، حکومەتی عێراقیش پێویستە پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکات، هەروەها کاربکات بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، ئەم فرە پێکهاتەییە زۆر گرنگە، چونکە ئێمە لە یەکەوە نزیکین، پێویستە پارێزگاری لەیەکتر بکەین. تاوەکو پێکەوە بژین و بمرین.

ساکۆ باسی لەوەشکرد، سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە مەسیحیەکان داوە، لەقسەکانیشی ئەوەی روونکردووەتەوە کە گرنگی بەمەسیحییەکان دەدات، ئاماژەی بەوەشدابوو لەگەڵ مەسیحییەکان پێکەوە دەژین و دەمرن، بۆیە دەمەوێت ئەو قسەیەشم لە بەغدا گوێ لێبێت، چونکە پێکهاتەکان زۆر کێشەیان رووبەروو بووەتەوە.

دەشڵێت: عێراق خاوەنی پێکهاتەی جیاوازە، لە سۆمەری و ئاشووری و کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەش، ئەگەر ئێمە پارێزگاری لە پێکهاتەکان نەکەین لەدەستیان دەدەین.

لویس ساکۆ، راشیگەیاند: زۆر دڵخۆشین بەو ستراتیژییەتەی کە هەرێمی کوردستان گرنگی پێدەدات، ئەویش پێکەوەژیانی هاوبەشانەیە، هەروەها هەندێک یاساشی بۆ پاراستنی پێکهاتەکان دەرکردووە، من لەگەڵ وەزیر قسەم کردووە کە پێویستە لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان رێز لە پێکهاتەکان بگیرێت.

ئاماژەی بەوەشدا: ڤاتیکان دامەزراوەیەکی ئاینییە، کە لە ماوەکانی پێشوودا لەگەڵ شێخی ئەزهەر رەشنووسێکی لەپێناو مرۆڤایەتی واژۆکرد، کە ئەمە شتێکی زۆر دەگمەنە و پێویستە گرنگی پێبدەین.

لەبارەی دادگاکانی عێراق جەختیکردەوە، یەکسانی و دادپەروەری لە دادگاکاندا زۆر پێویستە، چونکە درووشمی دادگاکان دادپەروەریە، ناکرێت دادگاکان بە سیاسی بکرێن، پێویستە دادگا کاتێک بڕیار دەدات، بڕیارەکەی دادپەروەرانە بێت، هەروەها هەموومان قبوڵی بکەین، نابێت دادگا خۆشەویستی هەبێت بۆ لایەنێکی سیاسی.

لەبارەی رەیان کلدانییەوە گوتی: ئەو نوێنەرایەتی ئێمە و مەسیحییەکان ناکات، چونکە دەستدرێژی کردووەتە سەر هەموو لایەک، خوێنی زۆر رژاوە لەو ناوچەیە، ئەو بەشێکە لە حەشدی شەعبی با لەگەڵ حەشد دابێت، ناکرێت وەکو مەسیحیەک قسە بکات.