دڵشێر بەردەڕەشی: دیدگای سەرۆکی حکومەتی هەرێم دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان

ئەحمەد پشدەری: هەنگەوانان بە هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان دڵخۆشن
دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەکاری باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد پشدەری، هەناردەکاری هەنگوینی کوردستان
دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەکاری باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد پشدەری، هەناردەکاری هەنگوینی کوردستان

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەنگوینی کوردستان جگە لە قەتەر بۆ وڵاتانی دیکەش هەناردە دەکرێت، هەروەها گوتی: کابینەی نۆیەم کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکات. هەناردەکارێکی هەنگوینی کوردستانیش دەڵێت: هەنگەوانان بە هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان دڵخۆشن و، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر بەرهەمی هەنگوین هەبووە.

دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەکاری باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد پشدەری، هەناردەکاری هەنگوینی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایانگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ هەرێمی کوردستان و سەرجەم هەنگەوانان بەو کارە دڵخۆشن و، هەمیشە کابینەی نۆیەم گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ داوە.

دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەکاری باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ساڵی رابردووە هەناردەکردنی بەروبوومی جووتیاران بۆ وڵاتانی کەنداو دەستیپێکردووە، هەروەها لە ساڵی رابردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە ئاماژەی بەوەدابوو، بەروبوومی جووتیارانی کوردستان دەبێت هەناردەی دەرەوەی بکرێت و ساغ بکرێتەوە.

ئەو شرۆڤەکارەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆی بۆ خزمەتی جووتیاران بەکارهێناوە.

سەرنجی خستەسەر ئەوەش، دیدگای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان، هەروەها بۆ ئەمساڵ سێو، هەنگوین و هەنار هەناردەی دەرەوە دەکرێن.

دڵشێر بەردەڕەشی، گوتی: بەروبوومەکانی ئێمە جگە لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی کەنداو وڵاتانی دیکەش گرنگی پێدەدەن و داوا دەکەن کە بۆیان هەناردە بکەین.

گوتیشی: لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کار لەسەر هەنگوینی کوردستان کرا و پشکنینی بۆکرا، لە سەرجەم پشکنینەکان بەپێی ستاندارتی نیودەوڵەتی دەرچوو.

ئەو شرۆڤەکارەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەم پڕۆسەی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵی رابردوو، چونکە کەرتی تایبەتمان هێنا ناو ئەو پرۆسەیە، دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتە بۆ ئەوەی پشت بەستن بە نەوت کەمبکیەنەوە، هەروەها دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەروبوومی جووتیاران.

باسی لەوەشکرد، ئامانجمانە کەرتی تایبەت بەهێز بکەین، چونکە کەرتی تایبەت هەلی کار دەڕەخسێنێت و داهات دەدۆزێتەوە بۆ حکومەت.

دڵشێر بەردەڕەشی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لەمساڵێش لە ماوەیەکی نزیکدا سێوی بەرواری باڵا هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت و لە ئێستادا بازاڕیشی بۆ دۆزرایتەوە.

ناوبراو روونیکردەوە، بۆ ساڵی 2024 بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بازاڕ بۆ بەروبوومەکان دەدۆزنەوە. گوتیشی: هەر بەروبوومێک هی هەر جووتیارێک بێت و خواستی دەرەکی لەسەر بێت، بە دڵنیاییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی دەکەین.

ئەحمەد پشدەری: هەنگەوانان بە هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان دڵخۆشن

هەناردەکارێکی هەنگوینی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات؛ چەند جارێک ئەم هەنگوینەی ئێمە پشکنینی بۆ کراوە و لە پشکنین دەرچووە. گوتیشی: هەنگەوانان بە هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان دڵخۆشن.

ئەحمەد پشدەری، هەناردەکاری هەنگوینی کوردستان، رایگەیاند، سوپاسی پشتیوانییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەمەش نیشانەی دڵسۆزی و خۆشەویستی جەنابیانە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ جووتیاران.

ئەو هەناردەکارەی هەنگوین، گوتی: هەرچەندە ئەمساڵ هەنگوین لە چاو ساڵانی پێشوو وەک پێویست نەبوو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو هەناردەکردنەی هەنگوین دەرفەتێکی باشە بۆ ئێمەی هەنگەوانانان کە بازار بۆ بەرهەمەکانمان دۆزرایتەوە.

گوتیشی: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لەلایەکی دیکەش بەهۆی بوونی پەکەکە و تۆپارانی سنوورەکان لە کوێستانەکان بەردەوام کاریگەری کردووەتە سەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی هەنگوین و زۆر جار مەترسی هەیە بۆسەر گیانی هەنگەوانانیش.

ئەحمەد پشدەری، باسی لەوەشکرد، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کیلۆیەک لە هەنگوینی خۆماڵی بە 50 هەزارە، بەڵام لە فێستیڤاڵ و پێشانگە نێودەوڵەتییەکان کە بەشداری دەکەین داشکاندنی بۆ دەکەین.

وەک بەشێک لە دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، بە هەماهەنگی تیمی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەنگوین وەک یەکێک لە بەرهەمەکان بۆ هەناردەکردن لە ساڵی 2023ـدا هەڵبژێردرا و ئەمڕۆ دوو تۆن هەنگوینی کوالیتی بەرزی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گەیشتە دەوڵەتی قەتەڕ

تا ئێستا تەنێک هەنگوین بە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فرۆشراوە کە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت و ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی هەنگەوانانی کوردستان.

ئەم هەوڵە بە سەرپەرشتیى راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کەرتی تایبەت ئەنجامدرا، کە زیاتر لە 200 هەنگەوان تێیدا بەشدارن و نزیکەی 100 هەلی کار دەرەخسێنێت. هەروەها پەیوەندیی نوێ لەگەڵ فرۆشیار و بازاڕەکانی قەتەڕ و وڵاتانی دیکەی کەنداو بە گشتی دروست دەکات. هەنگوینەکەش هی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە.

ئەم دەستپێشخەرییەی کەرتی تایبەت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمایەک بۆ هەناردەکردنی زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا.