فارس عیسا: رێککارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواوبوون

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 - هەولێر

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ رێککارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەواوبوون و ئەم هەفتەیە بڕە پارەکە دەگات".

بە گوتەی فارس عیسا، "بۆ سێ 700 ملیار دینارەکەی دیکە (مووچەی هەر سێ مانگی 10، 11 و 12) لە نزیکترین کاتدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 27-11-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەبارەی پرسی مووچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

یەکێک لە پێشنیازەکان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، تاوەکو یاسای بودجەی عێراق هەموار دەکرێتەوە، حکومەتی عێراق پارە بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە هەمان رێکار کە پارەکە وەک قەرز بۆ مانگەکانی مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی ئەمساڵ نێردراوە، واتا بۆ سێ مانگی دیکە 700 حکومەتی عێراق 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێشنیازێکی دیکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە بڕیارە شاندێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکات و لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەم پرسە سەردانی هەولێریان کرد.

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: " کاتی خۆی ئێمە داوای بڕە پارەی ئەو شەش مانگەی ئەمساڵ ماوە لە حکومەتی عێراق کرد بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان دابینی بکەن، بەڵام ئەوان بڕیاریاندا پارە بۆ سێ مانگ بنێرن. ئێمە داوای 800 ملیارمان کرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر 700 ملیار دا. بۆ سێ مانگی تر ئێمە دیسانەوە قسەمان کردووە و ئەوان گوتوویانە لە مانگی 12 دەبێت تەسفییە حیسابات بکرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بکەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوانە دەبین بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، حکومەتی فیدراڵی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بووە و دەڵێت، "داوامان کردووە کە ئەم کێشانە کۆتاییان پێ بێت و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەموو خەڵکی تری عێراق بە مافەکانی خۆیان بگەن.