كورد لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە

Kurd24

شیکردنەوە بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كەلە 15 پارێزگا کە بڕیارە لە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت بەبەشداری زیاتر لە 269 لایەنی عێراقی كە بەشداری هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی عێراق دەکەن، ئەمەش دوای 10 ساڵ دێت لە دوایین جار لە مانگی نیسانی 2013 بەڕێوەچوو، ئەوەش بە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت.

ئەگەر شیكردنەوە بۆ كات و ساتی هەڵبژاردنەكە بكەین دەبینین ئەم هەڵبژاردنە بەپلەی یەكەم لەبەرژەوەندی هێزە نزیكەكانی ئێرانە بەتایبەتی هێزەكانی حەشد شەعبی كە كۆنترۆلی جومگە سەرەكیەكانی ووڵاتیان كردووە هەر لەسەرۆك وەزیرانەوە تا بچووكترین بەرپرس بۆیە لەم ‌هەڵبژاردنە نفوز و پێگە و هەژموونی خۆیان زیاتر لەپارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست بەهێز دەكەن، ئەمە وێڕای بەردەوامی بایكۆتی سەدرییەكان لەپرۆسەی سیاسی عیراق بۆتە هەل و دەرفەت، چونكە لەنێو شیعە گەورەترین هێز كە بنكەی فراوانی جەماوەری هەیە و زۆربەی پارێزگاكانی عیراقی لەدەستە ئەمجارە تا ئێستا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی كردووە، لێرەدا پێویستە تیشك بخەینە سەر سێ خالی گەوهەری كەلەئێستادا لەگۆرەپانی عیراقی دەگوزەرێ لەوانە:

· بەردەوامی بایكۆتی سەدر لەپرۆسەكە و تەسلیم كردنی پێگە سیاسیەكانی لەنێو پارێزگاكانی عێراق بە هێزەكانی تری شیعە و حشد شەعبی، كەئەوەش بۆتە جێگای پرسیاری هەموو سیاسیەكان ئایا موقتەدا سەدر تا 18ی مانگ هەر بێ دەنگی هەڵدەبژێری و هەموو دەسەلاتەكانی لەپارێزگاكانی باشوور تەسلیم دەكات؟! ئایا لایەنە شیعەكان دەتوانن سەدر ڕازی بكەن؟ هەموو ئەو پرسیارانە لەچەند رۆژی تر بەدیاردەكەوێت، چونكە ئەم بایكۆتە تارادەیەك شەرعەیەتی ئەو‌هەڵبژاردنە دەخاتە مەترسی لەسەر ئاستی نێودەولەتی.

· لەئێستادا هێزە شیعەكان هەوڵی كۆنترۆلكردنی پارێزگاكانی سووننە دەدەن لەڕیگەی لیستە نزیكەكانی خۆیان هەموو شتێك لەم پێناوە دەكەن لەرووی ماددی و مەعنەوی، بەجۆرێك دورخستنەوەی محمد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدرالی یەوە لەم كات و ساتە لێدان بوو لەپێگەی خۆی و لیستەكەی چونكە بەبەهێزترین لیستی سوونەكان دادەنرێت لەم پارێزگا سووننەنشینانە و بەردەوامن لەدژایەتی ئەوانەی نەیاری گروپەكانی حەشدن.

· ئەوەی تایبەتە بە كورد لەپاش سالی 2003 هیچ هەڵبژاردنێک بەقەدەر ئەم ‌هەڵبژاردنە چارەنووساز و مەترسی بۆسەر پێگەی كورد لەناوچە دابرێندراوەكان نەبووە، چونكە لەئێستادا ئەم ناوچانە داگیركراوە لەلایەن شیعەكانەوەو هەوڵی دەیان سیناریۆ دەدەن تەنها بۆ ئەوەی كورد لەم ناوچانە پێگەی خۆی لەدەستبدات، بەجۆرێك لەپارێزگای نەینەوا زۆربەی لیستەكان بانگەشە و ریكلامی هەلبژاردنیان دژی لیستی پارتی و كورد كردۆتە خالی بانگەشەیان بەهەمان شێوەش لەپارێزگای كەركوكیش بەهەموو شێوەیەك دژی كورد وەستاون، بۆیە هەموو كارتێك بەكاردەهێنن تا رۆژی پیش هەلبژاردن تا دانیشتوانی كورد یاخود دەنگدەری كورد ناچاربكەن دەنگ نەدەن بەشدارنەبن، كەواتە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسازداین چونكە كۆنترۆلكردنی ئەم ناوچانە بەهەموو جومگەكانیەوە لەژێر هەژموونی شیعە دایە، ئەوەش مەترسی لەسەر ئەنجامی دەنگەكان و پیگەی كورد دەكات.

لەلایەكی تریشەوە مەترسی تریش لەئارادایە لەوانە پاش هەلبژاردن هەولێكی شیعە و سووننەكانی نزیك لەخۆیان ئەوەیە كورد لەپێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك دووربخەنەوە، بۆیە بۆ ئەم مەترسیە كورد پێویستی بەیەكرێزی هەیە تا ئەم مەترسیانە دووربخەنەوە لەسەر ئایندە و پێگەی كورد.

هەروەكو ئێستا دەبینین بەغدا كارتی مووچە وەك كارتێكی فشار دژی دانیشتوانی هەرێم بەكاردەهێنی، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم مەترسیانە هەلبژاردنی فراوانی دەنگدەری كوردانە لەم ناوچانە و هەروەها بوونی یەكرێزی لەنێو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەم قۆناغە پێویستە.