بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران: 14 هاووڵاتیی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا

کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران
کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران

K24 – سۆران:

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، ئاماژەی بەوەدا، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەکەی ئەمڕۆی سۆران 14 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا و چوار هاووڵاتییش برینداربوون.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئاگر لە باڵەخانەیەک لە سۆران کەوتەوە، لەمبارەیەوە کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کۆی گشتی 14 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە، چوار هاووڵاتییش برینداربوون و لەژێر چاودێری چڕدان.

لەلایەکی دیکەوە رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە کوردستان24ـی گوت: بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە شەش کارمەندیان تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوونە.

لەلایەن خۆیەوە حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام چاودێری باڵەخانەکان دەکەن و بەهۆی ئەم رووداوەش کە روویدا لەسەر ئێمە پێویستە بەدواداچوونێکی جیددی تر بکەین بۆ باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

هەروەها رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران بە کوردستان24ـی گوت: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین بۆ ئەوەی هۆکاری ئاگارکەوتنەوەکە بە تەواوەتی بزانین، بۆ ئەوەی حاڵەتی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر هەرکەسێک هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوە بووبێت لێکۆڵێنەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و پڕۆسەی گەڕانی ناو باڵەخانەکە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئێمە دیسان چاودێری دەکەینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە هیچ کەسێک لەناو باڵەخانەکەدا نەماوە.