شرۆڤەکارێک: حکومەتی عێراق تەنیا پەیکەرێکە و حزبەکان وڵات بەڕێوەدەبەن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراق رایگەیاند: دۆسیەی ئەمنی و دارایی عێراق لەدەستی هەندێک حزب و گرووپ دایە، حکومەتی عێراق تەنیا پەیکەرێکە، حزبەکان وڵات بەڕێوەدەبەن.

ئەحمەد سەراجی، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "بابەتی گەندەڵی لە دوای 2003ـەوە پرسێکی باوە لە عێراقدا، تا دێت فراوانتر دەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خستنەڕووی دراو، هەموو کەس دەزانێت کە حزبەکان باڵا دەستن لە بازاڕی رەش، لەسەر حاسابی هاووڵاتییان پارە بە قاچاغ دەبن".

گوتیشی: "بە بڕوای من کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، ناتوانێت رووبەڕووی ئەو کێشە داراییانە ببێتەوە کە ئێستا هەن، چونکە هەندێک لایەنی خاوەن هەژموون تێیدا سوودمەندن هەروەها چەندین جار گوتوومانە کە نیوەی مووچە بە دۆلار و نیوەکەی دیکە بە دینار دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی بازاڕ هاوتەریب بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە لەبەر چاو نەگیراوە".

ئەحمەد سەراجی شرۆڤەکار ئەوەشی خستەڕوو، ئەو قەرزانەی کە دەکرێت زیادەیان لەسەرە، بۆیە ئەمە پرسێکی قووڵە پەیوەندی بە دەستە ئابوورییەکانەوە هەیە و پەیوەندی بەو لایەنانەوە هەیە کە دەسەڵاتیان هەیە، بۆیە سوودانی ناتوانێت هەرگیز، ئەو دۆسییە چارەسەر بکات، تەنانەت ئەمەریکاش رەنگە ناچاربێت، هەندێک رێکاری تایبەت بگرێتەبەر بەرامبەر بە عێراق، کە حکومەت نەتوانێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، چونکە کێشەکە لەنێوان لایەنەکان و گەلی عێراق دایە، بۆیە پێویستە حکومەت ئەو داوایە بە هەند وەرگرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات لە رێگری بە قاچاغ بردن و قووتی خەڵکی بەلاڕێدا نەبرێت، دابەشکردنی مووچەش کێشەی زۆرمان هەیە.

سەراجی، ئاماژەی بەوەدا: "حکومەتی عێراق تەنیا پەیکەرێکە، حزبەکان وڵات بەڕێوەدەبەن، دۆسیەی ئەمنی و دارایی هەموو ئەمانە لە دەستی گرووپ و حزبەکانە، کە عێراق دووەم دەوڵەتە لە یەدەگی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، ئەوەی ئێستا لەبەغدا دەبینرێت تەنیا بێکارییە، بێکاری باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە، لە رووی خزمەتگوزاریشەوە دواکەوتووترین وڵاتە، لە کاتێکدا دەبینین لەسەر ئاستی جیهان دووەم یەدەگی نەوتی هەیە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە کە گەلی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت".