رێبوار تاڵەبانی: کورد لە کەرکووک لە هەڵبژاردن ناترسێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنێت: سەرەڕای دۆخی خراپی شارەکە، کورد لە کەرکووک لە هەڵبژاردن ناترسێت، بەڵکو خەڵکی تر لە ساڵی 2005ـەوە ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن لە شارەکە دروست دەکەن.

رێبوار تاڵەبانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "لە ساڵی 2005ـەوە هەندێک لە شۆڤێنی و نەتەوەپەرست ئەم قەوانەیە لێدەدەنەوە و بەردەوام گلەیی و سکاڵایان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، لەوکاتەوە سکاڵایان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کەرکووک تۆمارکرد کە وردبینی لە تۆماری دەنگدەران لە بابەتی عەرەبە هاوردەکان و ئەو کوردانە بکرێت کە خەڵکی رەسەنی شارەکە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک، کۆمسیۆن هاتوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبووەوە، دواتر پێنج هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوکاتە رێژەی نەتەوەکان دەرکەوت و دانیشیان بە ئەنجامەکان دانا، کەچی دوای 18 ساڵ لەکاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا جارێکی دیکە هەمان سکاڵا تۆمار دەکەنەوە".

ئاماژەی بەوەکرد: "بەپێی بەڵگەنامەیەکی گۆڤاری (فنون) لە سەردەمی عوسمانییەکان رێژەی کورد لە شاری کەرکووک زیاتر لە سەدا 93 بووە، بەڵام ئێستا زیاتر لە سەدا 50ـە، کە لە سەردەمی بەعس رێژەکە زۆر دابەزیوە، ئێستا نازانین چیتریان دەوێت، ئەگەر لە دادگای فیدراڵی بەلاڕێدا نەبرێت کورد هیچ کێشەیەکی نییە و لە هەڵبژاردن ناترسێت".

رێبوار تاڵەبانی، گوتیشی: "کاتێک ئەوان لە راستی ژمارەی خۆیان دەترسن، ئەم گلەیی و گازاندە و سکاڵایەیان بۆ چییە؟".

راشیگەیاند: "بۆچوونی من لەسەر هەڵبژاردنەکە جیاوازە، بە بڕوای من کوردی رەسەنی کەرکووک بەشدار نییە لەم دەنگدانە، چونکە ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە و بارودۆخی کەرکووک ئاسایی نەبووەتەوە شارەکە بە سەربازگە کراوە، هەروەها هەموو خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ نەکراون کە 13 خاڵە، بەو هەموو حاڵە خراپەی بەسەر کورددا هاتووە، هێشتا کورد رازییە هەڵبژاردن بکرێت".

رێبوار تاڵەبانی، ئەوەشی خستەڕوو: "خاڵێکی یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارە مەترسیدارە، کە دەڵێت: هەر ئەنجامێک دەرچێت لە کەرکووک نابێ لە بواری ئیداریی و یاسایی رەچاو بکرێت، واتە ژمارەی کورسییەکان هەرچەند بێت دەبێ دەسەڵات دابەش بکرێت، ئەمەش بەهایەک بۆ دیموکراسی ناهێڵێت و هەمان قەوانی ساڵانی رابردوو لێدەدرێتەوە".

باسی لەوەشکرد: "لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2018 کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بوو دۆخەکە زۆر خراپ بوو، هێشتا کورد توانی 6 کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت، کە لە سەدا 50 بوو، بۆیە کورد کێشەی نییە لە هەڵبژاردن، ئەوە نەیارەکانی کوردن کێشەی دەنگ و رێژەییان لە کەرکووک هەیە".

جەختیکردەوە: "لە پاش 16ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی کەرکووک نادەستووریی و نایاساییە، ئەوکاتیش سکاڵام تۆمارکرد و یاداشتم داوەتە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار، دەبێ هێزە میلیشیاکان لە شارەکە بچنە دەرەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، دەبێ شاندی هەرێمی کوردستان بەردەوام دووپات لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە بکاتەوە کە لەبارەی دۆخی کەرکووک کراوە و لە 13 خاڵ پێکهاتووە".

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لەسەر دوو سکاڵا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک کۆببێتەوە.