دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سکاڵا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک کۆدەبێتەوە

دادگای فیدراڵی عێراق
دادگای فیدراڵی عێراق

K24 - هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لەسەر دوو سکاڵا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک کۆببێتەوە.

دوو سکاڵا لەلایەن کاندیدێکی هاوپەیمانی قیادە و کاندیدێکی بەرەی تورکمانی تۆمارکراوە، کە داوا دەکەن تۆماری دەنگدەران جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و ناوی 257 هەزار دەنگدەری کورد لە کەرکووک لە تۆماری دەنگدەران دەربهێنرێت، مەبەستیان ئەو هاووڵاتییانەیە کە خەڵکی کەرکووکن و لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک، بەو بیانووە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.

پێشتر دادگای فیدراڵی دووجار دانیشتنەکانی لەسەر ئەم بابەتە دواخستبوو، بەڵام پێدەچێت ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو سکاڵایە بدات.

ماوەی 18 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجام نەدراوە، ئێستاش چەند لایەنێکی عەرەب و بەرەی تورکمانی داوا دەکەن جارێکی دیکە هەڵبژاردن دوابخرێت، حزبە کوردستانییەکانیش ئەو هەوڵە بە ترس لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەزانن.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. بڕیارە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە، ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.