عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت: پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و به‌شێك له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك به‌ڕێوه‌چوو

"رۆژی 18ـی مانگ هاتووچۆ له‌نێوان شاره‌كان ئاسایی ده‌بێت"

K24 – هەولێر:

نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و به‌شێك له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك به‌ڕێوه‌چوو، بۆ رۆژی 18ـی مانگیش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت. گوتیشی: " رۆژی 18ـی مانگ هاتووچۆ له‌نێوان شاره‌كان ئاسایی ده‌بێت".

لیوا عه‌بدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق، به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، ده‌ستخۆشی له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، (ئاسایش، پۆلیس، زێره‌ڤانی و هێزی پێشمه‌رگه‌) ده‌كه‌م، توانیان به‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ و بێ گرفت ئه‌مڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق به‌ڕێوه‌ببه‌ن.

عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له‌ رۆژی ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، هاتووچۆی نێوان شاره‌كان بۆ ده‌نگدان ئاسایی ده‌بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاسانكاری بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ین.

باسی له‌وه‌شكرد، هیچ كێشه‌ و گرفتێكی ئه‌منی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان رووینه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ سه‌ربه‌زریی و سه‌ركه‌وتنه‌، ته‌نیا هه‌ندێ گرفتی ته‌كنیكی و كه‌مكوڕی له‌ ئامێره‌كاندا هه‌بوو، به‌تایبه‌ت له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام، كه‌ هاووڵاتییه‌كی زۆر نه‌یانتوانی ده‌نگ بده‌ن.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (شەممە، 16-12-2023) کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.