وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لەبارەی کۆچی نایاسایی رێککەوتن

کۆچی نایاسایی
کۆچی نایاسایی

K24 - هەولێر

بە گوێرەی رێککەوتنێکی یەکێتیی ئەوروپا، پشکنینەکان بۆ کۆچبەرانی نایاسایی دەکرێنە ناچاری و پێویستە کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا دابەش بکرێن، هەر وڵاتێکیش ئامادە نەبێت وەریانبگرێت، دەبێت پارە بدات.

دوای گفتوگۆیەکی بەردەوام، دواجار یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچی نایاسایی و گۆڕانی یاسای پەنابەرێتی رێککەوت و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاش رێککەوتنەکەی "بە مێژوویی" ناوبرد.

رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا گوتی، "رۆژێکی مێژووییە و هاوبەشانمان لە دەوروبەرمن کە چەندین رۆژ نەخەوتوونە، خەڵکی دوورگەیەکی دەریای ناوەڕاستم و دەزانم گەیاندنی رێککەوتنی کۆچبەران و پەنابەران واتای چی دەگەینێت. لەوانەیە گرنگترین رێککەوتنی یاسا دەرکردنی ئەم ویلایەتە بێت. ئەمە رێککەوتنێک بووە دروستکردنەکەی زیاتر لە 10 ساڵی خایاندووە".

لە رێککەوتنەکەدا پشکنینەکان لە سنووری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا دەکرێنە ناچاری.

مارگەریتیس سکیناس، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، "پشکنینی ناچاری لە سەرجەم سنوورەکان جێگیر دەکەین، لە قۆناغی دووەم هەموو ئەوانەی دەگەن و ئەگەری نییە وەک پەنابەر پەسند بکرێن دەبێت بەخێرایی بە رێکارەکانی سنوورەکە تێپەڕن، بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ داوای پەنابەرییەتییەکە بکرێت و ئەو کەسانەش بگەڕێندرێنە کە هیچ هۆکارێکی یاساییان نییە لەژێر پارێزگاری یەکێتی ئەوروپابن."

دیارترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتین لەوەی دەبێت، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە ئەوروپا پشکنینی ئەمنی و پشکنین بۆ ناسنامە و دۆخی تەندروستییان بکرێت.

هەروەها ئەو کۆچبەرانەی لەو وڵاتانە هاتوون کە رێژەی رەتکردنەوەی کۆچبەرانیان بەلایەنی کەم لە ٪80ـیە، پڕۆسەی داوای پەنابەرێتییان خێراتر بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەم مەبەستەش ناوەندی دەستبەسەرکردن تەرخان دەکرێن کە توانای لەخۆگرتنی 30 هەزار کۆچبەری هەبێت.

بەگوێرەی یەکێک لە میکانیزمەکانی رێککەوتنەکە، وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا ناچار دەکرێن ژمارەیەک لە کۆچبەرانی ئەو وڵاتانە لەخۆبگرن کە کەوتوونەتە سنووری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وەک ئیتاڵیا و یۆنان. هەر وڵاتێکیش کۆچبەر لەخۆنەگرێت پێویستە ساڵانە بۆ هەر کۆچبەرێک 22 هەزار دۆلار تەرخان بکات.