وەزارەتی ئەوقاف: بە رێنمایی یاسایی دیاردەی سحر و جادوو بنبڕ دەکرێت

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا بەپێی رێنمایی یاسایی دیارەدەی سحر و جادوو بنبڕ دەکرێت و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزا دەدرێن.

بەگوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ژمارە (1)ـی ساڵی 2023 کە لە ژمارە (313)ـی (14ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دیارەدەی سحر و جادوو و ھاوشێوەکانی کە پێچەوانەی بنەما ئایینییەکانە، بەھەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت.

لە رێنماییەکەدا هاتووە، بەکارهێنانی رێگاکانی فێلکردن و هەڵگرتنی نازناوی ساختە و نادروست وەک دەستەواژەی (شێخ، مەلا، قەشە، بانگخواز، پزیشکی ئایینی و هاوشێوەکانی) بە بەکارهێنانی پەرتووکە پیرۆزەکانی خودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سوودمەندبوون قەدەغەیە.

هەروەها دروستکردنی نووشتە، جادووکردن و دەرکردنی جنۆکە قەدەغەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، فرۆشتنی گیادەرمان و خۆراک و خوارنەوە وەک (ئاو، گوڵا، هەنگوین، رەشکە و پێداویستی دیکە) بەناوی چارەسەری پزیشکی ئایینی لە رێنماییەکەدا قەدەغەکراوە.

بۆ جێبەجبێکردنی ئەم رێنماییە فەرمانگەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و لایەنی جێبەجێکردن دەکەن تاوەکو ئەو شوێنانە بە پاڵپشتی یاسایی دابخەن و  سەرپێچیکاران سزای توندی یاسایی وەربگرن.

دەقی رێنماییەکە
دەقی رێنماییەکە