وەزیری تەندروستی: دەستبەسەر ئەو دەرمانانەدا دەگرین کە رێکلامی "دابەزاندنی کێش"ـیان بۆ دەکرێت

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەست بەسەر هەموو ئەو دەرمان و گژوگیایانەدا دەگرن کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رێکلامی "دابەزاندنی کێش"ـیان بۆ دەکرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 23-12-2023، بە ئامادەبوونی پسپۆران و بەرپرسانی تەندروستیی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی زانستی لەبارەی نەخۆشی قەڵەوی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هۆکار و چارەسەرییەکانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا "تکا"ی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، "بڕوا بە پڕۆپاگەندەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانەی رێکلام بۆ هەندێک گژو گیا و دەرمانانە دەکەن، گوایە کێش دادەبەزێنن؛ مەکەن، چونکە هیچیان زانستی نین و لایەنی تەندروستییان نییە، بەڵکوو خراپیشن".

وەکو ئەوەی وەزیری تەندروستی باسی کرد، وەزارەتەکە دەستیکردووە بە ڕاگرتن و دانانی رێنمایی پێویست و دەستبەسەرداگرتنی ئەو جۆرە گژوگیا و دەرمانانەی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلامیان بۆ دەکرێت؛ "ئەوانە هەموویان دەرمانی زیانبەخشیان تێدایە و دەبێت بە رێنمایی پزیشکی بەکاربهێندرێت، نابێت هەر کەسێک لە خۆیەوە بەکاریان بهێنێت، چونکە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت".

بە گوتەی سامان بەرزنجی، "کێشەی قەڵەوی، کێشەی هەموو تاكێکی کۆمەڵگەیە. دڵنیام ئەوەی لاوازە و تەندروستییەکی باشی هەیە، سوپاسی خوا دەکات کە قەڵەو نییە و، ئەوەی قەڵەویشە چۆن بیر لەوە دەکاتەوە خۆی لاواز بکاتەوە".