جوتیار عادل: شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە

جوتیار عادل
جوتیار عادل

K24 - هەولێر:

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان لە كۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێشبینی دەكرێت لەو ماوەیەدا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.

رۆژی (24ـی كانوونی یەكەمی 2023) جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: " گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە، مووچە، نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن."

لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتی: ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە و لە ماوەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەكانی جێبەجێ كردووە؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت.

لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، جوتیار عادل باسی لە یاسای ئیدارەدانی دارایی کرد کە لە ماددەی 29ـدا دەڵێت: "ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی رادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت". ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە."

لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جوتیار عادل رایگەیاندووە: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاوەكو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و رێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان گشتاندووە.