ئومێد خۆشناو: ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌

ئومێد خۆشناو
ئومێد خۆشناو

K24 – هەولێر :

پارێزگاری هەولێر لەبارەی هاتنی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر و بەڕێکردنی پشووەکانی سەری ساڵ دەڵێت: هاتنی ئەو هەموو گەشتیارە، بەڵگەی پێشکەوتن و ئارامی شاری هەولێرە.

ئەمڕۆ شەممە (30-ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بازگەی شێراوە و لەکاتی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ شاری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دێنە هەولێر و  پشووەکانی سەری ساڵ لەو شارە بەڕێدەکەن، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر گلەیی ئەوەی دەکرا کە لە بازگەکاندا کاروباری گەشتیاران دوا دەکەوێت و دەبێتە مایەی نیگەرانیان، بۆیە هەوڵدرا بە شێوازێکی دروستتر پێشوازی لە میوانان بکرێت و کارئاسانی زیاتریان بۆ بکرێت، تیشکیشی خستە سەر  ئەوەی ئێستا لەماوەی تەنها سێ خولەکدا مامەڵەی هەر گەشتیارێک لە بازگەکان رایی دەکرێت و، گەشتیار دەتوانێت بۆ ماوەی سێ مانگ هاتوچۆ بەو پسوولەیە بکات کە بۆی دەردەکرێت.

ئومێد خۆشناو  رایگەیاند: ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بەردەوام لە زیادبووندایە، گوتی: لە 25 ی مانگەوە تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر لەگەڵ ئەفسەر و کارمەندانی بازگەکان لە پێشوازی گەشتیاراندان کە سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن، پارێزگاری هەولێر ستایشی ئەفسەر و کارمەندانی ئاسایشی هەولێری کرد لە بازگەکان لەو گۆڕانکاریانە کردوویانە بۆ رایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتیان. دەشڵێت: پلانی ئەوە هەیە هۆڵی زیاتر لە بازگەکان دروستبکرێت کە گەشتیاران تێیدا چاوەڕوانی دەکەن، رایگەیاند: ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاریان بۆ هەولێر  زیادیکردووە و گەیشتۆتە زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ئەوەش بەڵگەی ئارامی و پێشکەوتنی هەولێرە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تێڕوانینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی – یە لە هەموو ئاستەکاندا ، شارەکان پرۆسەی پەرەپێدان و گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و ئارامی ئاسایشی زیاتری تێدا هەبێت، بۆ ئەوەی ببیتە دەروازەیەک بە رووی گەشتیاران، بەوەش شوینە گەشتیارییەکان بووژانەوەیەکی گەورەتر بەخۆیانەوە ببینن، گوتی: ئەو گەشتیارانە کە روو دەکەنە شارێک و ناوچەیەک، بەڵگەی پێشکەوتنی شارەکەیە .