کوێستان محەممەد: بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت دابین دەکرێت

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 – هەولێر:

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایدەگەیەنێت، ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانەی کە تەمەنی 18 ساڵی تەواو دەکەن بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دادەمەزرێندرێن و یەکەی نیشتەجێبوونیشیان بۆ دابین دەکرێت.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، هەموو ئەو منداڵانەی لە هەرێمی کوردستان کە لە خانەی بێ سەرپەرشتانن کاتێک تەمەنی 18ـی ساڵی تەواو دەکەن بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دادەمەزرێندرێن، لە کابیەنەی پێشوو هەر منداڵێک تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت لە خانەی بێسەرپەرشتان دەچووە دەرەوە، بەداخەوە لە ئێستادا زۆرینەیان چارەنووسیان نادیارە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هاوکات راشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانەی کە تەمەنی 18 ساڵیان تەواو کردووە بە هیچ شێوەیەك چارەنووسیان نەفەوتاوە، بەڵکو لە دوای تەواوکردنی ئەو تەمەنە کاریان بۆ دۆزراوەتەوە و یەکەی نیشتەجێبوونیشیان بۆ دابین کراوە.

کوێستان محەممەد، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نووسراوی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان کردووە کە لەو 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەی کە دروستدەکرێن، رێژەیەک بێ بەرامبەر بدرێت بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانەی تێدا نیشتەجێبکرێن کە تەمەنی 18 ساڵی تەواو دەکەن.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: لە سلێمانی و دهۆك خانە بۆ بەخێوکردنی منداڵانی خوار تەمەنی چوار ساڵیش هەیە، لە 18ـی ئەم مانگەش لە هەولێر ئەو خانەیە دەکرێتەوە بۆ لەخۆگرتنی منداڵانی خوار تەمەنی چوار ساڵی.

کوێستان محەممەد، گوتیشی: هەموو منداڵانی بێ سەرپەرشت لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین دەکرێن.