مەسرور بارزانی: هێرشەکەی سەر هەولێر 'بێ پاساو و نامەردانە' بوو

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر "بێ پاساو و نامەردانە" بوو. داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، هەڵوێستەکەی لەبارەی هێرشەکان "تەنها سەرکۆنەکردن" نەبێت.  

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا؛ لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و، بەبێ پاساوە". جەختیشی کردەوە، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدەین؛ بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن و نابێت بەهیچ جۆرێک بێ وەڵام بمێننەوە".

مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی کوردستان بهێندرێن و، رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین".

پرسیاری رۆژنامەنووسان و وەڵامەکانی مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر:

رۆژنامەنووس: ئەمەریکا هۆکارە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کوردستان؟

مەسرور بارزانی: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هاتوون. هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر ناوچەکە هێشتا بەردەوامە. ئەو هێرشەی شەوی رابردوو کرایە سەر شاری هەولێر بێ پاساو و بنەمایە. ئێمە پێویستیمان بە هەماهەنگی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنینەوە.

رۆژنامەنووس: هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی هێرشەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەسرور بارزانی: ئێمە ئەمڕۆ هەندێک دیدار و کۆبوونەوەمان هەیە. بێگومان ئەم پرسە باس دەکرێت و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو دیدارەکان ئەنجام دەدەین؛ دواتر بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەبێت لەسەر ئەوەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە چۆن دەبێت.

رۆژنامەنووس: هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەسرور بارزانی: حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە. لیژنەکە لە هەولێرە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات. چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.

هیوادارین هەڵوێستی حکومەتی عێراق تەنها بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەهێت و، هەڵوێستی جیددی وەربگیرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەم جۆرە هێرشانە نەکرێنە سەر خاک و سەروەری عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان.

رۆژنامەنووس: پێتوایە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وایکردووە ئێران بەردەوام کوردستان بکاتە ئامانج؟

مەسرور بارزانی: ئەوەی ئێمە تووشی سەرسووڕمانمان دەکات ئێمە بەشێک نین لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر و، خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج؟

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندین جار  لەلایەن ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر  هەرێمی کوردستان. ئێمە نازانین هۆکاری پشت ئەم هێرشانە چین. هەرێمی کوردستان شوێنێکە خزمەتی ئاشتی دەکات و چاومان لەوەیە هەرێمەکەمان بەرەوە پێشەوە ببەین. هیوادارین حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە بکەن.

رۆژنامەنووس: بۆچی ئێران وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی کوردستان دەکاتە ئامانج؟

مەسرور بارزانی: ئەمە بۆ ئێمەش جێگەی پرسیارە. ئەوانەی کراونەتە ئامانج، بەهیچ جۆرێک تێکەڵاوی هیچ کارێکی سیاسی یان سەربازی نەبوون. تەنها کاسب و بازرگانی سەرکەوتووبوون کە توانیویانە زیاتر خزمەتی خەڵک و وڵاتی خۆیان بکەن. ئێمە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەم جۆرە هێرشانە دەکەین. بەتایبەت کە دژ بە خەڵکی سڤیل دەکرێت. دەبێت لەو لایەنانە بپرسن کە بۆ خەڵکی سڤیلی بێ دەسەڵاتی بێ تاوان دەکەنە ئامانج نەک لە من.