كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس و پێگه‌ی كوردستان
كێشه و پرسه سیاسی، سه‌ربازی، ئاسایشی، ئابووری، بازرگانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جیهان، وا ده‌خوازێت و پێویست ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی باڵای وڵاتاندا چاودێری بكرێ و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و كۆنفرانسیان بۆ ببه‌سترێ و شرۆڤه و هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ بكرێ و له‌باره‌یانه‌وه بڕیاریان بۆ وه‌ربگیرێ. له سه‌رده‌می ئێسته‌دا جیهان له هه‌موو لایه‌كه‌وه به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات كه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه و ئاڵنگاری جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه و به‌شێكیان مرۆیین و به‌شێكی دیكه‌یان گه‌ردوونین، بۆیه له روانگه‌ی په‌رۆشی و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و ئاڵنگارییانه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا سه‌ركرده و به‌رپرسانی وڵاتان و قه‌واره سیاسییه‌كان و سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیا گه‌وره‌كان له بۆنه‌ی جیاجیادا كۆ ده‌بنه‌وه و تاوتوێی ئه‌و پرسانه ده‌كه‌ن و لایه‌نه‌كانی ده‌خه‌نه روو و بۆ چاره‌سه‌ركردن و به‌رلێگرتنیان، راسپارده‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و هه‌ندێك جاریش له لایه‌نی تیۆرییه‌وه ده‌چنه واری كرده‌یی.
رێكخراوه قازانجنه‌ویسته‌كانی جیهان ئامانجی سه‌ره‌كییان بریتییه له گفتوگۆ و تاوتوێكردنی كێشه و پرسه نێوده‌وڵه‌تییه هاوبه‌شه‌كان له نێوان زۆرێك له وڵاتان ته‌نانه‌ت بۆ كێشه و پرسه ناوخۆییه‌كانی وڵاتێكیش له پێناو گه‌یشتن به چاره‌سه‌رییه‌كی نموونه‌یی. بۆیه ئه‌و جۆره ڕێكخراوانه له لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران و كارسازان و هه‌ندێك جاریش له لایه‌ن سه‌رۆكی وڵاتانه‌وه پشتوانی ده‌كرێن به ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و پرسه‌كان. راستییه‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه قازانجنه‌ویستانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له میانی به‌ڕێوه‌چوونی كۆڕ، كۆڕبه‌ند و كۆنفرانسه‌كان سوود له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرن و زۆرترین هاوكاری و پشتوانی كۆ بكه‌نه‌وه و پاشان له پڕۆژه جیاجیاكاندا خه‌رجی بكه‌ن و به‌كاری بهێننه‌وه، بۆیه ئه‌و جۆره رێكخراوانه له هه‌موو جۆره باجێك ده‌به‌خشرێن و ئه‌وه پشتوانی و هاوكارییه‌یشی كۆی ده‌كه‌نه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك گشتی به‌سه‌ر به‌شداربووانی كۆنگره دابه‌شی ناكه‌نه‌وه، به‌ڵكوو وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد له پڕۆژه‌كان چاره‌سه‌رییه‌كان خه‌رجی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه له كۆتاییدا ئه‌م رێكخراوانه له به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی وڵاتان و وه‌به‌رهێنه‌راندا به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌یان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ. زانراویشه رێكخراوه قازانجنه‌ویسته‌كان به شێوه و جۆری جیا جیا كار ده‌كه‌ن، كه هه‌ندێكیان تایبه‌تمه‌ندن به بواری په‌روه‌رده و هه‌ندێكی دیكه‌یان بواری فه‌رهه‌نگی و هه‌ندێكی دیكه‌یان كه‌رتی ته‌ندروستی و بوار و شێوه‌ی دیكه‌یش. به گشتی ئه‌و رێكخراوانه له میانی به‌ڕێوه‌چوون و ئه‌نجامدانی كۆڕ و كۆڕبه‌ند و كۆنفرانسه‌كاندا چه‌نده متمانه‌ی به‌شداربووان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وه‌نده ده‌توانن هاوكاری و پشتوانی زیاتر كۆ بكه‌نه‌وه، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه چه‌ندی كه‌متر بتوانن متمانه به‌ده‌ست بهێنن، كه‌متریش هاوكاری و پشتوانی كۆ ده‌كه‌نه‌وه.
کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس (World Economic Forum) یه‌كێكه له كۆڕبه‌نده دیاره‌كانی ئابووری له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ساڵانه له شاری داڤۆس له وڵاتی سویسرا به‌ڕێوه ده‌چێت. ئه‌م كۆڕبه‌نده بۆ یه‌كه‌م جار ساڵی 1971 له لایه‌ن شاره‌زای ئابووری جیهانی كڵاوس شواب (Klaus Schwab)ـه‌وه دامه‌زراوه و له سه‌ره‌تادا به ناوی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی بوو، به‌ر له‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی بۆ كۆڕبه‌ندی داڤۆس كورت بكرێته‌وه. روانگه‌ی شواب سه‌باره‌ت به كۆربه‌نده‌كه روون بوو و چه‌ندان جار رایگه‌یاندووه كۆڕبه‌نده‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئامانجی نییه قازانج بكات، به‌ڵكوو ئامانجییه‌تی خزمه‌ت به پێشكه‌وتنی ئابووری هه‌موو وڵاتان بكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌و وڵات و ناوچانه‌یش كه به‌شدار نابن. ساڵی 2015 حكوومه‌تی سویسرا رایگه‌یاند ددان به كۆڕبه‌نده‌كه داده‌نێت و گرنگی پێ ده‌دات، به‌م شێوه‌یه روون بووه‌وه كه كۆڕبه‌ندی داڤۆس په‌یوه‌ندی به هیچ سیستمێكی حكوومییه‌وه نییه، به‌ڵكوو بێلایه‌ن و قازانجنه‌ویسته.
هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كۆڕبه‌ندی داڤۆس له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1971 – 1987 پشتیان به راكێشان و به‌شداریپێكردنی پیاوانی كاری ئه‌ورووپی ده‌به‌ست، بۆیه له‌و ماوه‌یه‌دا كۆڕبه‌نده به "كۆڕبه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ورووپی" ناو ده‌برا. ساڵی 1974 كه ماوه‌ی سێ ساڵ بوو كۆڕبه‌نده‌كه ساڵانه كار و چالاكییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دا، كۆڕبه‌نده‌كه یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی خۆی به به‌شداری گه‌وره سیاسییه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسانی ئه‌ورووپی به‌ست. كۆڕبه‌ندی داڤۆس به‌م شێوه‌یه درێژه‌ی به كار و چالاكییه‌كانی دا، تاوه‌كوو توانی متمانه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی وه‌به‌رهێنه‌ران، شاره‌زایانی ئابووری و سه‌رۆكی وڵاتان به تایبه‌ت سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ده‌ست بهێنێت.
كۆڕبه‌ندی داڤۆس سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامه ئه‌رێنییه‌كانی له ماوه‌ی ئه‌نجامدانی كار و چالاكییه‌كانی له بواری ئابووریدا، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی بیسته‌م رووبه‌ڕووی ره‌خنه و هێرشی زۆر بووه‌وه. ره‌خنه و هێرشه‌كان ڕووه و هه‌ڵسوڕێنه‌ران و به‌شداربووانی كۆڕبه‌نده‌كه بوو به‌وه‌ی گرینگینه‌دانیان به كێشه و پرسه‌كانی وڵاتانی وڵاتانی تازه‌په‌ره‌سه‌ندبوو. پاشان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه كۆڕبه‌نده‌كه له ساڵی 2003 گرینگی زیاتری به وڵاتانی تازه‌په‌ره‌سه‌ندوو دا و چه‌ند كۆڕبه‌ندێكی ساڵانی دواتری تایبه‌ت كرد به گفتوگۆكردنی بارودۆخ و كێشه و پرسه‌كانیان.
كۆڕبه‌ندی داڤۆس ساڵانه له ناوچه‌ی گه‌شتیاری داڤۆس له باكووری چیای ئه‌لب له وڵاتی سویسرا و به به‌شداری زیاتر له 30 هه‌زار كه‌س له سه‌رۆك و به‌رپرسانی باڵای وڵاتان و شاره‌زایانی ئابووری و رۆژنامه‌نووسان، به‌ڕێوه ده‌چێت، هه‌روه‌ها به‌م دواییانه گه‌وره پیاوانی ئایینیش له سه‌رتاسه‌ری دنیا و به جیاوازی زمان و نه‌ژادی جیاوازه‌وه له كۆڕبه‌نده‌كه به‌شدار ده‌بن.
هه‌رێمی كوردستان له دوای جێگیربوونی قه‌واره سیاسییه‌كه‌ی له ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵ و پاشانیش دوای به‌شداری كارای له جه‌نگی دژی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان و بۆنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر ده‌رگای به روودا كرایه‌وه و به‌رپرسانی بانگهێشت ده‌كران و بوار ده‌ڕه‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی له میانی به‌شداریكردنیان و دیدار و كۆبوونه‌وه و پێشكه‌شكردنی گوتاره‌كانیان زیاتر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دانپێنراو له ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵ به به‌شداربووان له سه‌ركرده و به‌رپرسانی سیاسی وڵاتان و ڕێكخراو و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاشنا بكه‌ن.
كۆڕبه‌ندی داڤۆس وه‌ك له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان بۆ كرد یه‌كێك بوو له بۆنه جیهانییه‌كان كه ماوه‌ی زیاتر له ده ساڵه هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت ده‌كات و تێیدا ئاماده‌یی چالاكییه‌كانی ده‌بێت و بووه‌ته وێستگه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌ركرده سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی وڵاتان و ڕێكخراوه جیاوازه‌كان و ئاماده‌بوونیان بووه‌ته جێی بایه‌خپێدانی به‌شداربوونان و به‌ڕێوه‌به‌ران و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كۆڕبه‌نده‌كه و ده‌زگه میدیاییه‌كانی جیهانی.
كورد و سه‌ركردایه‌تییه سیاسییه‌كه‌ی به‌شداری له چالاكییه‌كانی ئه‌و كۆڕبه‌نده‌دا ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووریی و ئاسایش كار ده‌كه‌ن و چالاكییه‌كانیان له‌و كۆڕبه‌نده‌دا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. روونه، ناوه‌نده سیاسییەكانی جیهان له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان و له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لە ئامرازە گرینگەكانن بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەی هه‌ر وڵات و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی. راستییه‌كه‌ی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، لە ناویشاندا نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، له دیارترین و سه‌ره‌كیترین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تین رۆڵیان لە جیهاندا هەیە و چاودێری ڕووداو و پێشهات و بارودۆخه نێودەوڵەتییەكان دەكەن و بەدواداچوونی بۆ دەكەن و بڕیاریان لە بارەوە وەردەگرن. به هه‌مان شێوه كۆڕ و كۆنفرانس و بۆنه هه‌رێمی، ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش به قه‌د قه‌باره‌ی خۆیان رۆڵ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستكردن و وه‌رگرتنی بڕیار هه‌یه، بۆ نموونه كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهان داڤۆس، كه چه‌ندان ساڵه به‌تایبه‌تی له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2013ـوه نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی تێیدا ئاماده ده‌بن و له‌وێوه وێڕای گوتار و په‌یامه‌كانیان، هاوكات چه‌ندان په‌یوه‌ندی نوێ دروست ده‌كه‌ن و چه‌ندانی دیكه‌یش نوێ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه بۆچوونی جه‌یمس به‌یكەر (James Baker) پێی وایه، بەكارهێنانی ناوه‌نده سیاسییه‌كانی جیهان و كۆڕ و كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وەك هۆكار و ئامرازێك، توانای زیاتر بە وڵاتان دەده‌ن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نزیك، دوور، كورتخایه‌ن، درێژخایه‌ن، هه‌نووكه‌یی و ئایینده‌ییه‌كانیان. به‌م شێوه‌یه هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌و جۆره كۆڕبه‌ند و كۆنفرانسه جیهانیانه ده‌كات و ئامانج لێی ناساندنی زیاتری هه‌رێمی كوردستانه له رووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌وه.