تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر کرایەوە

K24 – هەولێر:

بۆ یەکەم جار تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل لەنێو بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر کرایەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی و دواتر بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش بکرێتەوە و کارەکانیان بە ئەلیکترۆنی بکرێت. لەگەڵ کردنەوەی ئەو تێبینەرایەتییە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی باجی لە بەرژەوەندی شوفێر و بارھەڵگرەکان دەرکردووە.

لەگەڵ کردنەوەی ئەم تێبینەرایەتییە ژمارەیەک بڕیار لە بەرژوەندی شوفێر و ھاووڵاتیان دران، ئەو کەسانەی کە چەند ئۆتۆمبیلیان بە ناو بێت بۆ لەمەودوا باجی تەنھا ئەو ئۆتۆمبیلە دەدەن کە پاکتاوی باجی بۆ دەکرێت، ئەو ئۆتۆمبیلانەش کە مۆدیلیان لە خوار 2003 بێت باجیان لێ وەر ناگیرێت، هاوکات لێخۆشبون بۆ حەوت مۆدیل ئۆتۆمبێل کراوە، پێشتر ئەو کەسانەی زیاتر لە چەند ئۆتۆمبیلیان بە ناو بوو باجی زیاتریان لێ وەردەگیرا ئێستا لێیان وەرناگیرت.

ھاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنین لە باجی ھەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمکردنەوەی ئەرک و ماندووبەنی هاووڵاتییان، لەوەی ئەگەر هاووڵاتییەکی شارەکانی دیکە خاوەنی ئۆتۆمبێلی شارێکی دیکەبووایە، دەبووایە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆی لە باجی دەرامەت ئەستۆپاکی ئەم ئۆتۆمبێلەی بهێنێتین، لە ئیستادا دەتوانێت بەبێ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی سنوورەکەی خۆی بکات لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی سنوورەکە بێت مامەڵەکانی خۆی رایی بکات.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد سەمەد، پارێزەر بە کوردستان24ـی گوت: ئەوەی کە ئۆتۆمبێلی بەناوە دێتە تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل، باجەکانی خۆی دەدات بەهۆی کردنەوەی ئەم تێبینەرایتیەش کاتێکی زۆری بە شۆفێران گەڕاندووەتەوە.