پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دانا

عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك
عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك

K24 - هەولێر

لە پارێزگای دھۆك بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری دانرا.  پارێزگار دەڵێت، بە گوژمەی زیاتر لە 50 ملیار دیناریش یاریگایەکی وەرزشی دروست دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-01-2024، لە كۆمەڵگەی "تەناھی"ـی سنووری پارێزگای دھۆك؛ بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار بەردی بناغە بۆ دروستكردنی چوار رێگای سەرەكی دانرا.

لەوبارەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دروستكردنی ئەو رێگایانە رۆژھەڵات و رۆژئاوای دھۆك بەیەكەوە دەبەستێتەوە و سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکە دەبێت.

 پارێزگاری دھۆك لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی، بە گوژمەی 50 ملیار و 500 ملیۆن دینار دروستكردنی یاریگایەكی وەرزشی لە سێمێل دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بە گوتەی عەلی تەتەر؛ لە ساڵی 2024، ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکەش دادەنێن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا گرنگیی تایبەت بە هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەدەن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 35 ملیار دینار؛ 932 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. 

هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر کە بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 88 ملیار دینار ئەنجامدراون. واتا کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا لە پارێزگاکە ئەنجامدراون، 997 پڕۆژە بوون و بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 123 ملیار دینار ئەنجامدراون.

ئەو پڕۆژانەی لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامدراون، سەدان هەلی کاریان بۆ گەنج و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکە رەخساندووە.