پێشەوا هەورامانی: هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکردنە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: ‌ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرنگی وەک کارەبا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و  ئیش و کاروباری رۆژانەیان. 

رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "شەوی رابردوو هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و ئەنجامەکەی نەمانی کارەبای هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان بوو".

پێشەوا هەورامانی رایگەیاندووە: ‌ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرنگی وەک کارەبا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و ئیش و کاروباری رۆژانەیان.

هاوکات پێشەوا هەورامانی جەختیکردووەتەوە: ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارین هەموو لایەک هاوکاری لیژنەی حکومەتی فیدراڵی بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تیرۆریستان و سزادانییان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی کردەوەی هاوشێوە. 

شەوی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کاتژمێر 10:30ـی شەو، هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و سەرچاوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، یەکێک لە عەمبارەکانی نەوتی رەش و پاشماوەی غازی پێکراوە و لە ئەنجامدا گڕی گرتووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

دوای هێرشەکەش، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: كاتژمێر 10:22 شەوی 2024/1/25 بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.

رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتەبەر کە ئەو کردەوە تاوانکارییەکی ئەنجامداوە کە کە هەڕەشە لە پرۆژەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات ئامانجیان له‌ناوبردنی ئابووری عێراقه‌ و فەرمانی کردووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرابکرێت.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.