پسپۆڕێکی وزە: مەبەست لە هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر، زیانگەیاندنە بە ژێرخانی ئابووریی کوردستان

گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە
گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی بواری وزە دەڵێت، ئامانج لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، "رووخاندن و زیانگەیاندنە بە ژێرخانی ئابووریی گەشەسەندنی کوردستان". ئاماژە بەوەش دەدات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە بڕی بەرهەمێنانی غاز و کارەبا لە کێڵگەکە زیاتر بکات". 

ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ تەواوکەری هێرشە مووشەکییەکانی دیکەیە لەسەر ژێرخانی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووریی کوردستان.

بە گوتەی ئەو پسۆڕەی بواری وزە، ئامانجی ئەم  هێرشە مووشەکییەکانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، "رووخاندن و زیانگەیاندنە بە ژێرخانی ئابووریی گەشەسەندنی کوردستان".

گۆڤەند شێروانی پێیوایە "ئەم جۆرە هێرشانە لەبەر ئەوەی لە کاتێکی کەمدا دوو پارێزگای هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج (سلێمانی و هەولێر) پەیامی سیاسیشیان لە پشتە. واتا ئەوان بەبێ جیاوازی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و، دژایەتییەکی بەرچاوی هەرێمی کوردستان دەکەن".

وەکو ئەو پسۆڕەی بواری وزە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا، " ئەو لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان ناتوانرێن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن و سەر بە وڵاتێکی دراوسێن و بە ئەجێندای دەرەکی کار دەکەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بنکەیەکی ئابووریی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە. لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەم کێڵگەیە پەرەی بدات و بڕی بەرهەمهێنانی زیاتر بکات. بۆ ئەوەی جۆری غاز و کارەباش باشتر ببێت".

کاتژمێر 10:30ـی شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، بە چەند کاتیۆشایەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. بەهۆی هێرشەکەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.

دوێنێ هەینی، 26-01-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد: پاش هەوڵ و كۆششی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا و تیمەكانی كۆمپانیای دانەغاز، تواندرا گرفتی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر چارەسەر بكرێت. لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لەرێگەی سەنتەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگە غازییەكانی كارەبان.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. رووبەرەکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە. لەلایەن کۆمپانیان دانەغاز و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە 450 ملیۆن پێ سێجا غازە، لەگەڵ 22 هەزار بەرمیل نەوت.

ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.