وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: هەناردەکردنی غاز لە كێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا دەستیپێکردەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان

K24 - هەولێر:

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش هەوڵ و كۆششی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا و تیمەكانی كۆمپانیای دانەغاز، تواندرا گرفتی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر چارەسەر بكرێت.

رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشكردووە: لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لەرێگەی سەنتەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگە غازییەكانی كارەبان و ئەم پرۆسەیە تاوەكو كاتژمێر 10ـی بەیانی دەخایەنێت.

پێشتریش هەر رۆژی رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) شاکر واجد بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای دانەغازی ئیماڕاتی لە عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە غازیی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024)  پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "شەوی رابردوو هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و ئەنجامەکەی نەمانی کارەبای هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان بوو" و راشیگەیاندووە: ‌ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرنگی وەک کارەبا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و ئیش و کاروباری رۆژانەیان.

شەوی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کاتژمێر 10:30ـی شەو، هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و سەرچاوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، یەکێک لە عەمبارەکانی نەوتی رەش و پاشماوەی غازی پێکراوە و لە ئەنجامدا گڕی گرتووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

دوای هێرشەکەش، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: كاتژمێر 10:22 شەوی 2024/1/25 بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.

رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتەبەر کە ئەو کردەوە تاوانکارییەکی ئەنجامداوە کە کە هەڕەشە لە پرۆژەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات ئامانجیان له‌ناوبردنی ئابووری عێراقه‌ و فەرمانی کردووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرابکرێت.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.