بۆچی هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر؟

کێڵگەی غازی کۆرمۆر
کێڵگەی غازی کۆرمۆر

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە "هەوڵێک بۆ تێکدانی ژێرخان و رێگریکردن لە بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان" ناودەبەن.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتییە لە عێراق، یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت، دابینکەری سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

ناو بەناو "گرووپە لە یاسا دەرچووەکان" لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە ئەم کێڵگەیە بۆردوومان دەکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هێرشەکانی سەر کۆرمۆر بە "زیان بۆ هەموو عێراق و هەوڵ بۆ راگرتنی بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان" ناودەبەن.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. رووبەرەکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە. لەلایەن کۆمپانیان دانەغاز و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە 450 ملیۆن پێ سێجا غازە، لەگەڵ 22 هەزار بەرمیل نەوت.

یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کاتژمێر 10:30ـی شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، بە چەند کاتیۆشایەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. بەهۆی هێرشەکەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.

دوێنێ هەینی، 26-01-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد: پاش هەوڵ و كۆششی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا و تیمەكانی كۆمپانیای دانەغاز، تواندرا گرفتی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر چارەسەر بكرێت. لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لەرێگەی سەنتەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگە غازییەكانی كارەبان.